ناره‌زایه‌تییه کرێکارییه‌کان له به‌نگلادیش
ڕۆژی چوارشه‌ممه ، 30.06.2010 پۆلیسی به‌نگلادش له‌ته‌ك کرێکارانی به‌رهه‌مهێنانی قوماش و پۆشاك، به به‌کاربردنی دار و لێدان و ته‌وژمی ئاو که‌وته به‌یه‌کادان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی کرێکاره‌کان ته‌نها داوای مافی یاسایی خۆیان ده‌کرد، که زیادکردنی مووچه‌ی مانگانه‌یان و دانی ئه‌و مووجانه‌ی که تا ئێستا پێیان نه‌دراون. له‌م به‌یه‌کادانه‌دا زیاتر له 30 کرێکار بریندار بوون و 10 پۆلیسیش ئازاریان تێگه‌یشتوه. هه‌روه‌ها له‌م شه‌ڕ و به‌یه‌کادانانه‌شدا چه‌نده‌ها منداڵیش به‌ر لێدان و تێهه‌ڵدان که‌وتن، که زۆربه‌یان ته‌مه‌نیان له خوار 14 ساڵییه‌وه‌یه و له‌وێ کارده‌که‌ن و هه‌ندێکیشیان ناوبژی گه‌ربوون تاکو پۆلیس له باوك و برا و که‌سوکاریان نه‌دات.
ئه‌م کێشه‌یه بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌که به‌رده‌وامه، به‌ڵام ئه‌م هه‌فته‌یه چووه قۆناخێکی تره‌وه، که پۆلیس دڕندایه‌تی خۆیان تێدا نیشاندا، کاتێك که کرێکاره‌کان ڕیزیان گرتبوو تاکو پۆلیس نه‌توانێت بیان شکێنێت، ئه‌مه‌ش پۆلیسی شێتگیرتر کردوو و که‌وتنه په‌لاماردانی کرێکاره‌کان، ئه‌وانیش بۆ پاراستنی له‌خۆیان که‌وتنه هێلکه و به‌رد گرتنه پۆلیس و سووتاندنی سه‌یاره‌ی پۆلیس.
شایانی باسه، که بڵێین ئه‌و کۆمپانیایانه له وێ زیاتر له 3 ملیۆن کرێکار ده‌چه‌وسێننه‌وه، که زۆربه‌یان ئافره‌تن و مووچه‌یان له مانگێکدا له 18 پاوه‌ندی بریتانی تێناپه‌ڕێت. گه‌رچی لانی که‌می کرێ له ساڵی 1994 دیاری کراوه. به‌ڵام پاش 16 ساڵ و هه‌ر چه‌ندیش هه‌موو که‌ره‌سته پێداویسته‌کانی ژیان زیادیانکردوه، که‌چی خاوه‌نکار ئه‌وه‌ش به کرێکاران ڕه‌وا نابینێت. به‌پێی ئاماری ده‌وڵه‌تی به‌نگلادش له 15% ی خاوه‌نکاران مووچه‌ی کرێکاره‌کانیان له نێوان مانگی یه‌کی ئه‌مساڵ و مانگی ئایاردا نه‌داوه، بۆیه جێی سه‌ر سوڕنمان نییه، که ببینیت نیوه‌ی دانیشتوانی به‌نگلادش له‌ژێر هێڵی برسێتیه‌وه بژین.
Be the first to comment.