تێڕامان و ڕەواندنەوەی سەرئێشەیەك
سه‌لام عارف
ئه‌و كاتانه‌ی كه چه‌ند كه‌سێك له بازنه‌ی لۆجیكی شیكردنه‌وه‌ی بابه‌تی زانستی ده‌رده‌چن، ئیتر شه‌لم كوێرم ناپارێزم و به‌نای ناهه‌ق و له خوت و خۆڕایی و بۆ ڕازیكردنی خوا، ده‌ست ده‌كه‌ن به پێشانگاكردنی هه‌ندێك ڕسته‌ی ههلهقمهلهقی شهڕهپشیلهیی.
ئه‌وه‌تا تاقێك كه‌س له (مانیفێستی–ڕه‌وه‌ند–له بارودۆخی ئێستای كوردوستاندا) له به‌شی–ناسیۆنال– ئاناڕشست–دا، ئاوه‌هایان گوتووه: ”ڕه‌خنه‌یه‌كی ناسیۆنال–ئاناڕشستی توێژێك له هه‌راسان بوو له ده‌ست هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵتدار،به ده‌وری چه‌ند ماڵپه‌ڕێكی ئینته‌رنێتی و چه‌ند ژورێكی پاڵتاكیدا ته‌وه‌ره‌ی به‌ستوه.ئه‌ركی خۆی به ڕیسواكاری هه‌ردوو حزبی، پارتی، یه‌كێتی، داناوه، به‌تایبه‌ت سوكایه‌تی پێكردن و–بێ‌ئابڕوو–كردنی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و بنه‌ماڵه‌كانی كه ده‌ستیان گرتوه به‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌و دوو حزبانه‌دا.زمان و ئه‌ده‌بیاتیان دووره له زمان و فه‌رهه‌نگی شارستانی هاوچه‌رخ.ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕه‌خنانه له‌وه‌دا كۆ ده‌كرێته‌وه كه ئه‌م دوو حزبه ،ئه‌م دوو سه‌ركردایه‌تی و بنه‌ماڵانه نه‌ك هه‌ر هیچیان بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌كردوه به‌ڵكو بوون به خاڵی لاواز و له‌ده‌ستدانی هه‌ل و ده‌ستكه‌وتی باش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تردا، ئه‌م ڕه‌وته ڕه‌خنه‌گره له هه‌ناوی خۆیدا جۆرێك له فاشیزم و ڕاسیزمێكی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ی كوردیش په‌روه‌رده ده‌كات .كێشه‌ی ئه‌مانه نه ماف و ئازادیه‌كانی هاوڵاتیانه وه نه‌خستنه ڕووی ئالته‌رناتیڤێكی ئازادیخوازه له به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو زلهێزه سهركوتكهرهدا.ئه‌م ڕه‌خنه‌یه نوێنه‌رایه‌تی هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ناكات له ئێستادا ،هه‌ر بۆیه هیچ ئاینده‌یه‌كی نیه له كوردستاندا. به‌ڵام له ئاكامدا زه‌مینه‌خۆشكه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی تاقم و ده‌سته‌جاتی فاشیستی و لۆمپنی چه‌كدارانه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رسته له كوردستان بۆ په‌لاماردانی خوێناویانه‌ی كۆمۆنیسته‌كان و هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئازادیخواز و ڕادیكال كه بیه‌وێت وه‌ك ئالتهرنهتیڤی ناسێۆنالیزمی كورد بێته پێشه‌وه هه‌روه‌ها بۆ ڕهشكوژی نه‌ته‌وه‌كانی تر، له كاتێكدا شه‌ڕ و پێكدادانی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رهه‌ڵبدات له عێراقدا.”
ئاستێكی وه‌ها نزمی هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن ده‌رباره‌ی ته‌وژمێكی سۆسیالیستی ئازادیخوازی خاوه‌ن ئه‌زموونی شۆڕشگێڕ، هه‌ر ئه‌وه هه‌ڵده‌گرێت به‌زه‌ییت پیایدا بێته‌وه و له خۆت بپرسی كه ئه‌و شیكردنه‌وه زانستییه!! له چییه‌وه و له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟؟
به‌ر له‌وه‌ی له ژێی هه‌ستیاری باسه‌كه بده‌م، وای به باش ده‌زانم ئه‌وه بڵێم ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و مانیفێستهیان نووسیوه، یا كۆنهماوییهكانن یا ئه‌وانه‌ن كه ئاستی زانیاری و به‌ئاگاییان نزمه ده‌رباره‌ی مێژوی كێشمه‌كێشی نێوان هه‌ردوو ڕێبازه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیزم (سۆسیالیزمی ئازادیخوازی دژه‌ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری –ئه‌ناركیزم-( و)سۆسیالیزمی ده‌سه‌ڵاتخوازی ده‌وڵه‌تچی–ماركسیزمی–لینینزم).
جا هه‌ر كه‌سێك لۆمه‌ی ئه‌وانه بكات زوڵم له خۆی و له‌وانیش ده‌كات، چونكه ئه‌وانه مورید و زاهیدی ته‌ریقه‌تی سوڵتهچێتین و حكوومهتخوازی؛ )حكوومه‌تی كرێكاری –حكوومه‌تی سۆسیالیستی– حكوومه‌تی ئینسانی– حكوومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی!-تاد–تاد(. ئەگه‌ر ته‌ماشای فه‌رهه‌نگه‌كانی زمانه ئه‌وروپاییه‌كان بكه‌ین هه‌موویان ئاوا واژه‌ی ئهناركیزمیان كردووه؛ ڕێباز و مهزهبێكه خه‌بات دەكات بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ حكوومه‌ت، واته كۆمه‌ڵگه‌ی خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن.
ئه‌وانه، ئەگه‌ر دژی ئه‌ناركیزم نه‌بن، نه‌ك هه‌ر درۆ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌كه‌ن، بەڵكو دوایین پێغه‌مبه‌ری )خاتم الأنبیاء(ی سۆسیالیزمی دهوڵهتچێتیش له خۆیان ده‌ڕه‌نجێنن!
ئێسته كاتی ئه‌وه‌یه ئه‌و پرسیاره له خۆم بكه‌م و هه‌وڵ بده‌م به‌پێی توانای خۆم و له‌به‌ر ڕۆشنایی بیروبۆچوونی كۆمۆنیزمی ئازادیخوازدا وه‌ڵامی بده‌مه‌وه. بێگومان پرسیاره‌كه‌ش ئه‌مه‌یه: ” ئایا سۆسیالیزمی كرێكاری!! واته ئه‌هلی سوڵته و ده‌وڵه‌تچێتی دژی ناسێۆنالیزمه، یا خۆی ئاڵته‌رناتیڤێكی ناسیۆنالیزمێكی مرۆڤكوژه؟”
نه‌خێر سۆسیالیزمی سوڵتهچی ناتوانێت دژی ناسیۆنالیزم بێت. به‌ڵێ باشترین ئه‌لته‌رنه‌تیڤی ناسێۆنالیزمی كوردیشه.
بۆچی؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی مێژوو سه‌لماندویه‌تی، هه‌ر له سه‌رده‌می )بیسمارك(ـه‌وه تا ئه‌مڕۆی كوردستان، ناسیۆنالیزم بوونی ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی ناوه‌ندیی تۆكمه فه‌رز ده‌كات. ئه‌وانیش، واته سۆسیالیسته سوڵتهچییهكان، هه‌ر ڕێزی ده‌وڵه‌ت ناگرن بەڵكو نوێژیشی بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه ئه‌و جۆره سۆسیالیستانه خوازیاری ئه‌وه‌ن كه ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه یا هه‌ر هیچ نه‌بێت حكوومه‌ته‌كه‌ی به ده‌ست خۆیانه‌وه بێت و داسوچهكوشێكی سووریش بده‌ن له یه‌خه‌ی و به نای ناحه‌ق ناوی بنێن ده‌وڵه‌تی پرۆلیتاریا!! ئیتر ئه‌و حكوومه‌ته ده‌كوژێت، ده‌بڕێت، ده‌سوتێنێت گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه كرێكارییه! به ده‌ست خۆیانهوهیە؛ (نوێنه‌رانی شه‌رعیی كرێكاران و جووتیاران)! ئەو پیاوانه خوازیاری حكوومه‌تێكی پیاوانه‌ی حه‌كیمی حیكمهتدارن كه مافی ئه‌وه‌ی پێبه‌خشرابێت چه‌كی لێبووردن )صكوك الغفران( بفرۆشێت، چونكه ئەگه‌ر بێت و وه‌ها نه‌بێت حكوومه‌تێكی ڕه‌سه‌نی خۆماڵی و ده‌ست و دڵفراوان نابێت به‌رامبه‌ر شای مرۆڤایه‌تی، كه‌واته) پرۆلیتاریا(! كه ئه‌وان خۆیان به میراتگری ڕاسته‌قینه و پێشڕه‌وی هۆشمه‌ندیی ئه‌وان ئه‌زانن و له‌بریی ئه‌و دهفكرێن. ئەگه‌ر ئه‌و هاوكێشەیه به‌و جۆره نه‌بێت ئه‌وا ئیتر )معاذاللة(!
ئه‌و دهسهڵاتچیانه به‌م لۆجیكه بیر ده‌كه‌نه‌وه: ”ئامانج پاساوی ئامرازه‌كانه!” له‌به‌رئه‌وه‌ی ئامانجیش ده‌ستخستنی سوڵته‌ی سیاسی، یا ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان له فەرهنگی سیاسی خۆیاندا ناویان ناوه (شۆڕشی سیاسی) و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌ن ببن به ئاڵتارنهتیڤی ناسیۆنالیزمی مرۆكوژ؛ واته فاشی.
ئه‌و جۆره سۆسیالیسته سیاسیه لای وایه، ئەگه‌ر كاره‌كه كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی حزبیش بێت بۆ داگیركردنی )كۆشكی زستان( گرنگ نییه، ئه‌وه‌ی گرنگه لای ئه‌وان ئه‌وه‌یه كه ده‌توانن نازناوی شۆڕشی كرێكارانی بده‌نێ، هەر ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كه كۆشكه‌كه بۆته موڵك و ماڵی خۆیان. ئاوهاییە فكری حزبی سوڵتهچی، چ عه‌جه‌ب داهێنانێكی فكریشه!
لای سوڵتهچییهكانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێش له‌به‌رئه‌وه‌ی ”ئامانج پاساوی ئامرازه‌كانه!” توندوتیژیی چه‌كداریش هه‌ر ماقوڵ و واقعییه، هه‌ربۆیه ده‌شێت و ده‌گونجێت دروشمی ”سوڵته‌ی سیاسی له لووله‌ی تفه‌نگه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت!” بكرێته دروشمێكی ستراتیجی وكردوشیانه. پرسیار ئه‌وه‌یه به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگی چه‌كداری به كێیە؟ دژی كێیە؟ مه‌گه‌ر به مرۆڤ نییه؟ دژی مرۆڤ نییە؟ یا باشتر بڵێین: ئه‌مه فاشیزم و ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی نییە، ئەگه‌ر ئه‌وه نییه، ئه‌ی كامه‌یه فاشیسزمی ده‌ستبژێری پێشڕه‌وی هۆشمه‌ندی سۆسیال ناسیۆنال؟
ئه‌و پرسیارانه و ده‌یان پرسیاری تریش كه لێكۆڵینه‌وه و شیكردنه‌وه‌یان ئه‌ركێكه له‌ناو ئه‌ركه‌كانی تردا.
ئەگه‌ر چه‌وساندنه‌وه لوتكه‌ی هه‌بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و لوتكهیهش كوشتاره، ئیتر ئه‌و كوشتاره بۆ هه‌رچی مه‌به‌ستێك بێت و به هه‌رچی ناوێكه‌وه بێت هیچ له ناوه‌ڕۆكی مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێت. شهڕبازانی نه‌ته‌وه‌چێتی و سوڵته و دهوڵهتچێتیش ئه‌هلی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ن، مه‌گه‌ر باوباپیرانی ئه‌وان نه‌بوون كه سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و دواتریش ملیۆنه‌ها مرۆڤیان كرده قوربانی دروستكردن و پاراستنی ده‌وڵه‌تی سۆسیالیستی و یه‌كه‌م نیشتمانی سۆسیالیست!
سه‌ره‌تا له‌به‌ر به باوكردنی حزب سه‌دان كۆڕی بهشمهینهتهكانیان داپڵۆسی، ئه‌وه‌ی كوشتیان كوشتیان، ئه‌وه‌ش كە مایه‌وه به ناوی پێویستیی ئابووریی سۆسیالیستییه‌وه نێران بۆ سیبریا و شوێنه دووره‌كانی تر بۆ كاركردن به نانه‌ڕه‌قه و قامچیی حكوومه‌تی كرێكاری، یا بە ناوی پاراستنی ده‌وڵه‌ت و نیشتمانی سۆسیالیستیه‌وه نێران بۆ ناو دۆزه‌خی جه‌نگی كرێكاری! دژی بۆرژوازی؛ واته به زۆری زۆرداری به لێشاو ده‌نێردران بۆ كار بۆ جه‌نگ. ئەگه‌ر دهوڵهتچییهكانی دوێنی، ئەگەر باووباپیرانی سۆسیال ناسیونالە كوتوكوێرەكانی ئەمڕۆ، ئه‌وه بیروبۆچوون و ڕه‌فتاریان بووبێت، دەبێت چی ڕێگه له دهوڵهتچییه كرێكارییه‌كانی ئه‌مڕۆ و سبه‌ی بگرێت بۆ پیادەنەكردنی هه‌مان ڕه‌فتار؟
به بیروبۆچوونی سۆسیالیزمی ئازادیخواز –ئه‌ناركیزم– ئه‌م ده‌وڵه‌ت له‌وی تر ده‌چێت ئه‌وی تریش له دانه‌یه‌كی تر ده‌چێت و…تاد، واته هه‌موویان خاوه‌نی یه‌ك ماهیه‌تن به كرێكارییهكهشهوه. بێگومان، ته‌نها حزبه ماركسیسته لینینییهكانیش هه‌ڵگری ئه‌و گهرایهن، واته گه‌رای ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌تی كرێكارییهكهی!! مێژوو سه‌لماندویه‌تی، ئه‌ناركیزم وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دژی كوشتار و قوربانیدانه به مرۆڤ بۆ به‌رقه‌راركردنی سه‌روه‌ری و دژی حكوومه‌تی كرێكاریشه به هه‌مان شێوه كه چۆن دژی جۆره‌كانی تره و هەر هه‌موویان به بكوژانی مرۆڤ ده‌زانێت.
كه‌واته كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌سه‌ڵاتخوازیش به مرۆڤكوژ و ڕەگەزپەرست ده‌زانێت و بە ئازادیكوژ و نانزهوتكهرانیان دەزانێت؛ ئەوانەی كە تاكه‌كانی كۆمەڵ ده‌كه‌ن بە كۆیله‌ی نوێ و پاشكۆی حزب و ده‌سه‌ڵات. بێگومان دوای ئه‌وه‌ی زمانیان ده‌بڕن!
ئه‌و سوڵتهچییه سۆسیالیستانه خۆیان باش ده‌زانن بۆ ئەوەندە به‌رامبه‌ر سۆسیالیزمی ئازادیخواز ڕقوكینه ئه‌ستوورن! له‌به‌رئه‌وەی سۆسیالیزمی ئازادیخواز داوای ئه‌وه ده‌كات و سووریشه له‌سه‌ری كه ده‌بێت شۆڕشی كۆمه‌ڵاتی هه‌رچی زووه ده‌وڵه‌ت له ناو به‌رێت، ڕێك به پێچه‌وانه‌وه‌ی سۆسیالیزمی كرێكارییه‌وه كه بڕوای وایه و سووریشه له‌سه‌ری كه دەبێت دەوڵەت بۆ ماوه‌یه‌كی دیارینه‌كراو بمێنێته‌وە، تا هێدی هێدی خۆی مه‌حف ده‌بێته‌وه. به‌و مههزهلهیهش ده‌ڵێن قۆناغی گواستنه‌وه، واته قۆناغ و ده‌وڵه‌تی پرۆلیتاریا و دیكتاتۆریه‌ته‌كه‌ی* بێگومان له‌وه‌شدا ناڕاسته‌وخۆ مه‌به‌ستیان حزبه‌كه‌ی خۆیانه، چونكه ئه‌وان شۆڕشگێڕی نایابیان به میرات بۆ جێماوه. به كورتییەكەی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بیكه‌ن ته‌نها گۆڕینی )ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دارانه( به )ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌دار( ئیتر خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه چی لێ دێت و چی لێ نایه‌ت، ئه‌وه گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نییه. ئه‌وه‌ی گرنگه لای ئه‌وان ئەوەیە كە حكوومه‌تی ده‌وڵه‌ت ماڵی خۆیانه و كرێكارییه!
لێره‌دا باشتر وایه له ئاسمانی فكری و تیۆری دابه‌زینه سه‌ر زه‌مین و به به‌ڵگه مێژووییه‌كان بدوێن.
لای كه‌س شاراوه نییه كه دروستكردنی هه‌ره‌وه‌زی و كۆڕه‌كان و لیژنه هاوئاههنگهكان، له هه‌ر كوێ بووبن، كردەی چه‌وساوه‌كان خۆیان بوون و شێوازێكی نوێ بوون له خه‌باتی چینایه‌تی و ته‌ره‌بوون و یاخیبوون له جرتوفرتی حزبی و جێبه‌جێكردنی چهلهحانێیهكانی سه‌ره‌وه، ئه‌ركی خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی گه‌ره‌ك بووە. ئه‌ناركیسته‌كان، له بڕوای ته‌واویانه‌وه، به خه‌باتی خۆخۆیی، به تایبه‌تی هاوبه‌شی یا سهندیكالیی شۆڕشخواز، له مه‌یدانی خه‌باتی خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردندا بزر نه‌بوون چالاك و كاریگه‌ر بوون. ئه‌وان هۆشمه‌ند بوون به مه‌ترسی باڵاده‌ستیی حزبی و دژی به سیاسیكردنی خه‌باتی چینایه‌تیی به‌شمه‌ینه‌تان بوون، خه‌باتیان دژی فكری ده‌ستبژێری پێشڕه‌وی هۆشمه‌ند كردووە. واته دژی ئه‌وه بوون كه ته‌نها فكر بزوێنه‌ر و وزه‌به‌خشی واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه. لە بەرانبەریشدا سۆسیالستانی دەوڵەتپەرست هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕ بوون كە ئەگه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی بێ‌چین له بۆده‌قه‌ی فكری فه‌لسه‌فی ئه‌واندا –حزب– نه‌توێته‌وه و لێوان‌لێو نه‌بێت لێی، ئه‌وه ئیتر فه‌وزایه و نابێت قه‌بووڵ بكرێت )سوبحانه‌ڵا(!
ئه‌و سوڵتهخواز و دهوڵهتچییانه كاتێك هه‌ستیان به مه‌ترسی ئه‌و كۆسپه شه‌یتانییه كرد) كۆڕه‌كان، خۆڕێكخستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن( دەستیان كرد به جێبه‌جێكردن و سه‌لماندنی ماهیه‌تی په‌رده‌پۆشكراوی خۆیان. كۆڕه‌كانیان پان كرده‌وه و خاكیان به تووره‌كه بژاردن. نموونه‌ی ڕووناكی ئه‌و كاره فاشیستانەیه كرۆنشتات و له‌ناوبردنی سۆڤیه‌ته‌كانی مۆسكۆ و پترۆگراد و به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی و ته‌فروتوناكردنی بزووتنه‌وه‌ی) ماخنۆ( بوو له ئۆكراین. ئه‌وه له‌ملاوه و له لایەكەی تریشەوه به‌ستنی په‌یمانی –برێست–بۆ دهستبهتاڵكردنی سوپای ئه‌ڵمانی تا بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه ناو شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا بۆ فلیقاندنه‌وه‌ی كۆڕه كرێكارییه‌كان و كوشتنی ڕۆزا لۆكسمبرگ؛ تاكه سۆسیالیستی ئه‌ڵمانیای كه هاوڕێ و هاوبیری كۆڕه كرێكارییه‌كان و خه‌باتی خۆخۆیی ڕێكخستن بوو، دواتر جنێوێكی زۆریشیان پێدا كه دژی ده‌سه‌ڵاتی پۆڵاینی ناوه‌ندی پرۆلیتاریا بووه. كورد واته‌نی: ”شه‌یتان به شه‌یتانیی خۆی ده‌ستی لێ هه‌ڵگرتبوو”، كەچی ئه‌هلی دهوڵهتچیی شۆڕش و تاكه وڵاتەكەی ده‌ستیان لێ هه‌ڵنه‌گرت و لینین و ترۆتسكی وه‌ك سه‌گ ته‌ماشایان ده‌كرد و سه‌دان هه‌زار كۆمۆنیستی ڕه‌سه‌ن و ئازادیخواز كرانه قوربانیی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تی كرێكاری–سۆسیالیستی–مرۆیی؟ بۆ ده‌بێت مێژوو له هه‌ندێ بواردا خۆی دووباره بكاته‌وه، بۆ؟ له‌م بواره‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌هلی )ڕه‌وه‌ندی كرێكاریی سۆسیالیست( خۆی دووباره ناكاته‌وه!
نموونه‌یه‌كی دیكەی هه‌ڵكشانه شۆڕشگێرییه‌كه‌ی ئیسپانیا، واته شۆڕشی ئیسپانیای 1936 بوو كە ئەویش لە قه‌سابخانه‌كه‌ی دوای ئۆكتۆبه‌ر باشتر نه‌بوو. ئه‌وده‌مه كه كۆڕه كرێكارییه‌كان و هاوبه‌شییه كشتوكاڵییه‌كان هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانیان ته‌نیبوو، به‌تایبه‌ت له هه‌رێمی كاتالۆنیا و مه‌دریدی پیشه‌سازی و ئاراگۆن و سهقرتهی كشتوكاڵی كۆڕه‌كان و هه‌ره‌وه‌زییه‌كان سه‌رقاڵی خۆڕێكستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردن بوون له‌و زه‌ویوزار و كارگانه‌دا كه خاوه‌نكار و خاوهنموڵكهكان بە جێیان هێشتبوون و هه‌ڵهاتبوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ناچاری كردبن ئەوە نەبێت كە ته‌نها هه‌ڵكشانه شۆڕشگێڕییهكه پارسه‌نگی هێزه‌كانی گۆڕیبوو، ئه‌و سه‌رده‌مه سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌كان؛ ئه‌ناركیسته‌كان، له هه‌موو كۆڕ و هاوبهشییهكاندا ،پێشنیاری ئه‌وه‌یان دەكرد، كه نابێت به‌زۆر ده‌ستكاری هیچ كه‌رتێكی به‌رهه‌مهێنان بكرێت و داگیر بكرێت، جگه له‌و كه‌رتانه كه جێهێڵراون، ئەویش ئەگه‌ر پێویستیی ئابووریی نیشتمانی سه‌پاندی كه كه‌رتێك یا زیاتر ده‌بێت به كار بهێنرێت، ده‌بێت ڕێزی خاوه‌نه‌كانیان بگیرێت و به زیاده‌وه قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت بواری ئه‌وه‌یان پێ نه‌درێت كه بڕی ئه‌و قەرەبووكردنەوەیە به كار بهێنن له بواری كاری كرێگرتهییدا،** تاقمی ڕه‌وه‌ند سه‌یركه‌ن ئایا ئه‌وه‌یه فاشستی و كۆمۆنیستكوژیی ئه‌ناركیسته‌كان؟
ئه‌وده‌مه كه زه‌حمه‌تكێشان به ئهناركیستهكانیشهوه كه سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی هاوبه‌ش بوون، فاشیسته فرانكۆییهكان به پاڵپشتی ده‌بابه به‌لشه‌فییه ستالینییه‌كان و كۆمونیسته‌كانی ئیسپانیا دروشمی) بمرێ ژیان(یان به‌رز كردبووه و به چه‌ك خه‌ریكی ته‌فروتوناكردنی كۆڕ و هاوبه‌شییه‌كان بوون، له به‌رامبه‌ریشدا زه‌حمه‌تكێشان و ئه‌ناركیسته‌كان دروشمی )بژی ژیان(یان به‌رز كردبووه‌وه و به‌رگرییان له نان و سه‌ربه‌ستی ده‌كرد و دژی لۆجیكی جه‌نگ بوون كه ئه‌و لۆجیكه بریتییە له ”نه‌كوژی ده‌كوژرێیت! باشترین به‌رگری هێرشكردنه!”
بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رگریكاره له )نان و ئازادی(، بزووتنه‌وه‌یه‌كی دڕنده‌ی دژه‌مرۆیی نییه بۆ دهوڵهتچێی و ئازادیی سیاسیی حكوومەتی. به لای كۆمونیزمه ئازادیخوازهكانهوه مه‌به‌ست ئازادیی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه، نه‌ك ئازادییه سیاسییه‌كه‌ی –خه‌سره‌وی سایه– له مه‌یدانی گۆڕانكاریی )مه‌یدانی ئازادی و ئازادیخوازان( له شاری سوله‌یمانی و جێگه‌كانی تر.
مامۆستای ته‌وژمی سۆسیالیستی ئازادیخواز؛ ئه‌ناركیزم، برۆدۆن، سه‌رده‌می كۆمۆنه‌ی پاریس دژی سه‌نگه‌ره چه‌كداره‌كانی سه‌ر جاده‌كان بوو. به بیروبۆچوونی ئه‌و، ئه‌و كاره مرۆكوشتن و بهكوشتدانه بۆ شۆڕشی سیاسی، كه خۆی له خۆیدا مه‌به‌سته‌كه شۆڕشی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، نه‌ك شۆڕشی سیاسی!! واته هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ئه‌ناركیزم دژی كوشتار بووه!
له داگیركردن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كارگه‌كان له ئیتالیاش هه‌ڵوێستی دژهكوشتاریی ئه‌ناركیسته‌كان هه‌ر به‌و چه‌شنه بوەه .
هه‌ر ئه‌وان بوون پێشنیاری ئه‌وه‌یان كرد:
– پێویسته گرووپی پاسه‌وانی دروست بكرێت بۆ كاری خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كارگه‌كان دژی كاری ئاژاوه‌نانه‌وه‌ی بۆرژوازی و دواتر به‌كارهێنانی دژی مانگرتووان.
– قه‌ده‌غه‌كردنی خواردنه‌وه‌ی كهول كه دوور نییه ببێته هۆی كاره‌ساتی كاركردن، یا هورووژاندنی گیانی ئاژاوه‌نانه‌وه و شه‌ڕفرۆشتن.
پیاوانی ڕه‌وه‌ند، ئه‌ناركیسته‌كان ئاوها بوون و هه‌ر ئاوهاش دەبن! نه كۆمونیست، نه ڕادیكالی ئازادیخواز كوژن، نه له دوی دووبه‌ره‌كیی نه‌ته‌وه‌په‌رستی دەگەڕێن. ئێوه باش ده‌زانن كه ئه‌ناركیسته‌كان ئه‌نته‌ر‌ناسیۆنالیستن و به‌ر له دروستكردنی ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمی یه‌كه‌م و داڕشتنی دروشمی )كرێكارانی جیهان یه‌كگرن)یش ئه‌نته‌رناسیۆنالیست بوون، كه‌چی وا ئێوه تازه‌به‌تازه ده‌ڵێن: ”بەڵام له دوا ئاكامدا زه‌مینه‌خۆشكه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی تاقم و ده‌سته‌جاتی فاشیستی و لۆمپنی چه‌كدارانه نه‌ته‌وه‌په‌رسته له كوردستان بۆ په‌لاماردانی كۆمونیسته‌كان و هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئازادیخواز و ڕادیكال كه بیه‌وێت وه‌ك ئالتهرنهتیڤی ناسێۆنالیزمی كورد بێته پێشه‌وه.هه‌روه‌ها بۆ ڕهشكوژی نه‌ته‌وه‌كانی تر له كاتێكدا شه‌ڕ و پێكدانانی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رهه‌ڵبدات له عێراقدا.”
ئێوه ئه‌ی ئه‌هلی ئازادیی سیاسی و شۆڕشی سیاسیی )ڕه‌وه‌ند( له هه‌موو كه‌س و لایه‌نێكی تر نه‌ته‌وه و نیشتمان په‌رستن و حه‌زتان له هێرشكردنی چه‌كدارییه، واته چهكبازن!
بۆچی؟
چونكه ئێوه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌ی خۆتان واته‌نی )حكوومه‌تی كرێكاری( مه‌حاڵه بتوانن له بۆشاییه‌كدا دروستی بكه‌ن و هه‌ڵیبواسن به یه‌كێك له ئه‌ستێره‌كانه‌وه و ناچارن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌و كاره‌ساته نامرۆییه ئه‌نجام بده‌ن و شوناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیشی بدەنە ده‌ست، جا به ئه‌قڵی كێدا ده‌چێت كە ئێوه، به‌بێ زه‌بروزه‌نگ و خوێنڕشتن، ده‌توانن حكوومه‌ته‌كه‌تان دروست بكه‌ن و پارێزگاریشی لێ بكه‌ن. كه‌واته ئێوه‌ن مرۆڤكوژ!
ئه‌ناركیسته‌كان ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت دروست ناكه‌ن تا دواتر به ئاگر و ئاسن بیپارێزن. ئه‌ناركیسته‌كان وێنه‌ی ئێوه به‌و لۆجیكه ناپێون و ڕەفتار ناكەن كە وتویه‌تی: ”باشترین به‌رگری هێرشكردنه.” نه‌خێر ئه‌وه لۆجیكی ئه‌ناركیسته‌كان نییه. بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی دروستكار و داهێنه‌ره، بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رگریكاره له ده‌ستكه‌وتی هاوبه‌شییه‌كان و كۆڕه‌كانی هه‌ژاران. واته به‌رگریكاره له نان و سه‌ربه‌ستی، نه‌ك كۆمۆنیست و ڕادیكال كوشتن. مێژوو سه‌لماندویه‌تی كه ئه‌و هاوكێشه‌یه ته‌واو به پێچهوانهوەیه، ئەوە هه‌ر دهوڵهتچییهكان بوون و دەشبن كه ئه‌ناركیسته‌كان و ڕادیكالهكانیان كوشتووه و دەكوژن. ئێوه نه‌ك هه‌ر زه‌مینه‌خۆشكه‌ری مرۆڤكوشتنن، به‌ڵكو ئاماده‌شن به نیوه‌ی حزبه‌كه‌تان نیوه‌كه‌ی ترتان قڕ تێ بخه‌ن! ئێوه بوون و ئێوه‌ش دەبن كە له بۆده‌قه‌ی ده‌وڵه‌ته كرێكاییهكهتاندا هه‌موو نهتهوهكانتان توانده‌وه و ده‌توێننه‌وه.
ئێوه باش ده‌زانن كه ئه‌ناركیزم بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئهنتهرناسیۆنالیسته، كه‌چی ڕاستی ده‌شێوێنن و به نه‌ته‌وه‌په‌رستی تاوانباری دەكەن و ڕقوكینه‌ی ئه‌ستووری خۆتان بەرانبەری دەردەبڕن. بۆ؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالیستی ئه‌ناركیستی له‌وه‌ی خۆتان ناچێت. ئێوه هه‌ر كاتێك دوو سێ سه‌ری سهرهوهتان له‌م نه‌ته‌وه گه‌یشت به دوو سێ سه‌ری تری سه‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر و كه‌مێ ورته‌ورت و چرپهچرپتان كرد و كه‌مێك ئاڵوواڵاتان گۆڕیه‌وه، ئیتر ده‌موده‌ست ناوی ده‌نێن ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمی پرۆلیتاریا! به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن كه ئه‌و ئهنتهرناسیۆنالیزمهی ئێوه له باشترین حاڵه‌تیدا ئه‌مه‌یه “گەلان و نه‌ته‌وه‌كان، ئێمه ئێوه‌مان خوڵقاندووه، تا یه‌كتر بناسن” واته ئه‌وه‌ی ئێوه –تعارف بین الأجناس والأقوام–ه!
ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمی ئه‌ناركیزم ئهنتهرناسیۆنالیزمێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه، له خواره‌وه‌یه به‌رەو سه‌ره‌وه.
سه‌ره‌تا فیدرالیه‌تی هاوبه‌شی و ههرهوهزیخوازهكانه، دواتر یه‌كگرتنی ئارهزوومهندانهیانه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كان و هه‌رێمه‌كان دواتریش له‌سه‌ر ئاستی نیشتمان، فیدرالییه نیشتمانییه‌كانیش له‌سه‌ر ئاستی جیهان له كونفدرالێكی ئازاد‌دا كه هه‌موو فیدرالییهك ده‌توانێت به ئازادی په‌یوه‌ندی ببه‌ستێت واز بهێنێت. بێگومان ئه‌و كۆنفدرالییه بێ سه‌روه‌ران و خزمه‌تكارانه، مه‌رجی سه‌ره‌كیی بوون به ئه‌ندامیش تیایدا ده‌بێت ئه‌و فیدرالییانه دژی هه‌موو جۆره‌كانی سه‌روه‌ری بن –حزبی، ده‌وڵه‌تی، ڕه‌گه‌ز، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، ڕۆشنبیری، كولتوری، خێڵ– ئاوهایه ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمی ئه‌ناركیستی و هەربۆیە كه‌سانی سه‌روه‌ریخواز ناتوانن هه‌رسی بكه‌ن و قەبووڵی بكه‌ن!
له كۆتایدا، هه‌رچه‌نده كۆتایی نییه و نابێت.
زانراوه و لای هه‌مووان ئاشكرایه كه ئازادیخوازیی تاكڕه‌وی خۆویست كه فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانیایی؛ ماکس شتیرنەر ( Max Stirner)، دایهێناوه و ڕابه‌ری كردووه به‌شێكی به‌هێز و كاریگه‌ره له بزووتنه‌وه‌ی ئهناركیستیدا.
باكۆنین بیروڕای تایبه‌تی خۆی هه‌بووه به‌رامبه‌ری ده‌رباره‌ی ئه‌وان گوتویه‌تی: ”داواكردنی ئازادی زۆربه‌رز، خواوه‌ندییه، خۆپه‌رستییه‌كی ڕه‌هایه،هه‌ر به‌كه‌ڵكی خۆی دێت.” هه‌روه‌ها گوتویه‌تی: ”ئازادیی تاكڕه‌وی به مانایه‌ك له ماناكان وه‌ك بۆشاییه‌ك وایه له‌ناو بۆشاییدا.” به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر ئازادیخوازانه هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه له‌گه‌ڵیدا و وتویه‌تی: ”ده‌بێت ئازادیخوازی–ئه‌ناركیزم– مافه پیرۆزه‌كانی مرۆ له‌به‌ر چاو بگرێت.” دواتر دوای هه‌وڵێكی زۆر ساڵی 1865 توانی بیروڕای خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌و ته‌وژمه به‌و جۆره‌ی خواره ده‌بڕێت و دابڕێژێت و بیكاته به‌ندێك له پرۆگرامی ڕێكخراوی (برایه‌تی ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمی شۆڕشخواز)
ده‌قی به‌نده‌كه به‌م جۆره داڕێژراوه
”ئازادی مافێكی ڕه‌هایه پیاوه باڵقهكان و ژنه باڵقهكان، ته‌نها هۆشمه‌ندی و لۆجیكی تایبه‌تی خۆیان ده‌توانێت و بۆی هه‌یه كاره‌كانیان هه‌ڵبسه‌نگێنێت و حوكمی بدات به‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌دا، ده‌بێت ته‌نها ئیراده‌ی خۆیان چوارچێوه‌ی ئه‌و كارانه دیاری بكات، به‌و جۆره‌ش ئه‌وان ته‌نها خۆیان به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر كاره‌كانی خۆیان، ئەمجا دواتر كۆمه‌ڵگه لێیان به‌رپرسیاره، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه كه ئه‌وان خۆیان ئازادانه هه‌ڵیان بژاردووه و هاوبه‌شن تیایدا” جا ئه‌هلی ڕه‌وه‌ند كه ئێوه‌ش جۆری بیروبۆچوونتان گه‌یشته ئه‌و ئاسته و گۆڕانێكی چۆنێتی به‌سه‌ردا هات، ئه‌وسا ده‌توانن واز له دابه‌شكردنی كاری ڕێكخراوه‌یی بێنن، واته كاری فكری و تیۆری –بڕیاردان و فه‌رمانده‌ركردنی قاتی سه‌ره‌وه و كاری ده‌ست– كاری )جێبه‌جێكردن( به ڕهشوڕووتهكهی خواره‌وه، ژێرخان– هه‌ر ئه‌و كاته‌ش ئێوه ده‌توانن:
أ– واز له تۆقاندنی ئه‌ندامه‌كانتان بهێنن به سزا حیزبیهكانتان له سه‌رزه‌نشته‌وه بگره تا ده‌گاته ده‌ركردن.
ب– واز له چه‌واشه‌كردن بهێنن و كه‌سانی تر تاوانبار نەكەن به زه‌مینه‌خۆشكه‌ری كوشتنی كۆمونیست و ڕادیكال و ئازادیخواز و هه‌روه‌ها تاوانباركردنیان به ڕاسیزم و چهكبازی و شه‌ڕی نه‌ته‌وایه‌تی.
ئێوه زوڵمكاریتان ئه‌وپه‌ڕی گرتووه و ئه‌مه‌شتان گوتووه: ”ئەم ڕه‌خنه‌یه نوێنه‌رایه‌تی هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ناكات له ئێستادا، هه‌ربۆیه هیچ ئاینده‌یه‌كی سیاسیشی نیه له كوردستاندا” ئێوە وێنه‌ی كابرای له‌مه‌ڕ خۆتان؛ لینین، (دواین پێغه‌مبه‌ر)ی سۆسیالیستی ده‌وڵه‌تچی، هێنده بڕواتان به قودره‌تی ڕه‌های فكر هه‌یه نه‌ك بڕیار ناده‌ن به‌سه‌ر بابه‌ت و مه‌سه‌له خۆییه‌كاندا بڕیاریش بۆ مه‌سه‌له و بابه‌ته بابهتییهكانیش ده‌رده‌كه‌ن. به‌ر له هه‌موو شتێك، ئه‌ناركیزم واته–كۆمونیزمی ئازادیخواز– سه‌ر به هیچ جێگه‌یه‌ك نییه و توورهكهشی بۆ ده‌وڵه‌تمه‌ندی و مشه‌خۆریی بیرۆكراتی له هیچ جێگه‌یه‌ك ههڵنهدڕیوه و بڕوای به نوێنهرایهتیكاری نییه و دژی مهواعیزهكانی )ماالعمل(ه له دەستپێكەوە تا كۆتایی. له‌و ڕهخنهیهشتاندا دیار نییه مه‌به‌ست له چ ئاینده‌یه‌كه! ئەگه‌ر مه‌به‌ست ئایندهی سیاسییه ئه‌وه، گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌ناركیزم بڕوای به ئایندهی سیاسی نییه، خه‌باتی بۆ ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی هه‌ژارانه. به واتایه‌كی تر خه‌باتی خۆی گونجاندووه له‌گه‌ڵ هه‌ژاران بۆ )ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری هاوبه‌شییه‌كان، هه‌ره‌وه‌زییه‌كان، هاوئاهه‌نگییه‌كان له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه(.
به‌ڕاستی ماركسییه‌كانی ئه‌م چه‌رخه خه‌زێنه‌یه‌كی هیچ و به‌تاڵی فكری ڕه‌هایان بۆ به‌جێهێشتوون له كه‌لی شه‌یتانش وه‌رنه خواره‌وه، ئێوه باش ده‌زانن كه ڕۆژ دوای ڕۆژ به‌ره‌ی ڕه‌خنه‌گرتنی ئازادیخوازی ڕادیكال قووڵتر و به‌رفراوانتر ده‌بێت، نه‌ك هه‌ر له كوردستان، به‌ڵكو له دنیادا به پێچەوانەوە به‌ره‌ی ناوه‌ندێتیی دیموكراتی و دیسپلینی پۆڵایین به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه و مایه‌پووچه. جاران دەمبیست و دەگوترا: ”دۆڕاو نه‌ڵێت به كێرمه‌وه شه‌ق ده‌بات!” جا ئێوه‌ش واتان لێهاتووه. من نایشارمه‌وه و بڕوام وایه ئێوه ئه‌و ڕۆژه‌ی كتێبی (ده‌وڵه‌ت و شۆڕش) و (دەبێت چی بكرێت؟)ـه‌كه‌ی لێنینتان لێ ون ده‌بێت، ئیتر هیچتان پێ نامێنێت بیڵێن و خه‌ڵكی پێ چه‌واشه بكه‌ن، چه‌كی دروستكردنی حزبه نهتهوهییهكهشتان له كار ده‌كه‌وێت.
دە ماده‌م ماڵتان له شووشه‌یه ئهنتهرناسیۆنالیسته ڕاسته‌قینه‌كان! ماڵی خه‌ڵكی به‌ردباران مه‌كه‌ن.
ناشێت نه‌یزانن كه به‌ری ڕۆژ به بێژنگ ناگیرێت!
* بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانه كتێبی (ده‌وڵه‌ت و شۆڕش)، لێنین.
** بڕوانه كتێبی–ئه‌ناركیزم له تیۆرییه‌وه بۆ پراكتیزه‌كردن، دانیال غرین. ئه‌م كتێبه‌م له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه كورداندووه، به بهراوبهركردن له‌گه‌ڵ ده‌قه فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی، هیوادارم كه بتوانم له فرسه‌تێكدا چاپی بكه‌م و بیخه‌مه به‌ر چاوان.
Be the first to comment.