چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی/ ١٢
هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی دوازده‌هه‌م
دووەم دادپەروەریی، نایەکسانیی و هەژاریی
پته‌وکردنی دادپه‌روه‌ریی‌و نه‌هێشتنی نایه‌کسانی‌و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی هه‌ژاریی له کوردستاندا
مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری یه‌کێکه له مه‌سه‌له هه‌ره گرنگه‌کانی ئه‌مڕۆکه‌ی دونیای سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی ئیمه. مه‌به‌ستمان له دادپه‌روه‌ری ئاماده‌گی ئه‌و ڕۆحه سیاسییه‌یه که له‌سه‌ر دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی وه‌ستاوه. یه‌کێکیان مامه‌ڵه‌کردنی ئینسانه وه‌ک بوونه‌وه‌ری ئازاد. ئه‌م خاڵه له جه‌وهه‌ردا مانای ده‌سته‌به‌رکردن‌و پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ‌و ئازادییه سه‌ره‌کییه‌کانی ئینسانه. ل ٢٩
نووسه‌ران له سه‌راپای نووسینه‌که‌یاندا کۆمه‌لێك تێزیان داهێناوه، که هیچ بنه‌مایه‌کی لۆجیکی و ئاوه‌زپه‌سه‌ند و هزریان نییه. له‌وێوه که ئه‌وان پێیانوایه له سایه‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تیدا ئازادی به‌دی دێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما ئاوه‌ژووه دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی تاکه‌کان یا خۆیان واته‌نی “مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه” وێنا ده‌که‌ن و ڕیفۆرمێکی ڕامیاریی له ده‌سه‌لاتی بۆرجوازی کورددا، ئه‌وه‌ی که ئه‌وان به ده‌سه‌ڵاتی پارتیی نێوی ده‌به‌ن، ده‌که‌نه ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌موو گیروگرفتێك و وه‌لانانی ڕێگرییه‌کان.
ئه‌گه‌ر ئازادی به واتای ئازادبوونی تاك له بڕیاردان و هه‌ڵبژاردنی پێدایستییه‌کانی ژیانی به‌مه‌جی پێشێلنه‌کردن و نه‌به‌زاندنی سنووری ئازادی که‌سانی دیکه وه‌ربگرین، ئه‌وا ناکرێت له سایه‌ی بوونی سه‌روه‌ری هێندێك به‌سه‌ر هێندێکی تردا [چ سه‌روه‌ری که‌مینه‌تی به‌سه‌ر زۆرینه‌دا و چ سه‌روه‌ری زۆرینه به‌سه‌ر که‌مینه‌دا] قسه له بوونی ئازادی بکه‌ین. ئه‌گه‌ر ئازادی به واتای خودسه‌روه‌ری مرۆڤ به‌سه‌ر خۆی له پانتایی ئازادی ئه‌وانی دیکه‌دا، له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وا دیسانه‌وه ئازادی دابه‌ش ناکرێت. چونکه ته‌نیا له ئازادی گشتیی کۆمه‌ڵدا ئازادی تاك ده‌سه‌به‌ر ده‌کرێت. کاتێك که کۆمه‌ڵگه ژێرده‌ستی سه‌روه‌ری که‌سانێك بێت، قسه‌کردن له بوونی ئازادی پڕ به‌و واتایه‌ی که تاکه‌کان له کۆیلایه‌تییه‌وه تا ئێستا خۆیانیان بۆ به‌کوشت داوه یا ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر خۆشباوه‌ڕیی نه‌بێت، ئه‌وا خۆشباوه‌ڕکردنی که‌سانی دیکه‌یه. ده‌کرێت له کۆمه‌ڵگه‌ی نائازاددا که‌سێك ئازادئه‌ندێش بێت، به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ی که که‌سانێك [چ به نوێنه‌رایه‌تی ناڕاسته‌وخۆ چ به دیکتاتۆری] بڕیار له‌سه‌ر ژیان و خواست و داهاتووی تاکه‌کان بده‌ن، ئه‌وا ئازادی خواسته و نه‌بووه‌ته که‌توار و ناشتوانێت له وه‌ها بارێک‌دا ببێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئازادی، ئه‌و چه‌مکه شێوێنراو و بێناوه‌ڕۆکه بێت، که ده‌سه‌ڵاتداران به‌ڵێنی ده‌ده‌ن و ده‌سته‌بژێری ورده‌بۆرجوازی بۆی ده‌پارێته‌وه، ئه‌وا له دیکتاتۆریترین سیسته‌میشدا به‌جۆرێك بوونی هه‌بووه و هه‌یه و جیاوازی بوونی ئه‌و ئازادییه له سایه‌ی ده‌سه‌لاتی دیکتاتۆره‌کان و دێمۆکراته‌کاندا ته‌نیا له یه‌ك شتدایه، ئه‌ویش ڕاده‌ی هوشیاریی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کان و دێمۆکراتیزه‌بوونی دیکتاتۆره‌کانیش په‌یوه‌ندی به ڕاده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌وه هه‌یه. هه‌ر بۆیه ناکرێت و دروستیش نییه، قسه له دان و دابه‌شکردنی ئازادی به‌سه‌ر دانیشتواندا بکرێت!
هه‌روه‌ها ڕزگاری له داگیرگه‌ر و سه‌ربه‌ستبوون له خێڵ و ئایین، ناکاته ئازادی و ئازادی له سایه‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تیدا بوونی نابێت؛ هه‌روه‌ك ئه‌وروپییه‌کان له سایه‌ی چه‌ند سه‌ده سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی بۆرجوازی نه‌ته‌وه‌ییدا ئازاد نین و کرێکاران له سایه‌ی سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی پارتی پێشڕه‌و و دیکتاتۆری بۆلشه‌ڤیکه‌کاندا ئازاد نه‌بوون و تاکی کوردیش پاش ١٩ ساڵ ڕاماڵینی داگیرگه‌ر و فه‌رمانڕه‌وایی بۆرجوازی کورد، هه‌مان تاکی ژێرده‌ست و نایه‌کسان و بیبه‌ش له دادوه‌ری و نائازاده، که دوو ده‌هه پێشتر پێیوابوو، به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی پارته به‌رهه‌ڵستکاره‌کان، ئیتر کۆتایی به کۆیله‌تی و پله‌چه‌ندییه‌تی دێت و به ئازادی که‌تواری خۆی ده‌گات!
به بڕوای من تا کاتێك هۆکارێك بۆ ملکه‌چکردن و ناچارکردن، تا کاتێك کۆتوبه‌نده ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ئارادا بن، تا کاتێك سه‌رده‌ست (سه‌روه‌ر) و ژێرده‌ست، فه‌رمانده‌ر و فه‌رمانبه‌ر، پێشڕه‌و و پاشڕه‌و هه‌بێت، قسه‌کردن له بوونی ئازادی یا وێناکردنی سه‌رکوتگه‌رییه به ئازادی یا ده‌چێته خانه‌ی وڕێنه‌کردن به ئازادییه‌وه. چونکه ئازادی واتایه‌کی فراوانتر و مێژوویه‌کی کۆنتری هه‌یه و واوه‌تره له چه‌ند مافێکی ڕواڵه‌تی ژێر ساباتی سه‌روه‌ری چینایه‌تی بۆرجوازی.
ده‌کرێت به‌بێ له‌ناوبردنی سیسته‌می چینایه‌تی له داگیرگه‌ر و وابه‌سته‌یی خێڵ ڕزگامان بێت، ده‌کرێت به خه‌باتی ڕۆژانه هه‌ندێك له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانمان بسه‌پێنین و سه‌ربه‌ستانه شوێنی ژیان و جلوبه‌رگ و بیرکردنه‌وه و شوێنی کار و چۆنییه‌تی خواردن و خواردنه‌وه (که له سایه‌ی خیڵدا تابوون) هه‌ڵبژێرین، به‌ڵام تا کاتێك ڕێوشوێنی نایه‌کسانی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاریی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ئارادا بێت، به‌دیهاتنی ئازادی ده‌چێته خانه‌ی ئه‌سته‌مه‌کانه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازادی ته‌نیا له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خاڵی له په‌یوه‌ندییه ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه ناکۆکه‌کان و خاڵی له هانده‌ر و هۆکار و پایه‌کانی ڕاگرتنی چه‌وسانه‌وه و خاڵی له نامۆیی مرۆڤ به خۆی، ده‌توانێت و ئه‌گه‌ری وه‌دیهاتنی هه‌یه. به‌م جۆره بوونه‌وه‌ری ئازاد ته‌نیا له کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و کۆمه‌لگه‌ی ئازاد ته‌نیا به له‌ناوچوونی هۆکاره‌کانی نه‌بوونی ئازادی؛ که سه‌روه‌ری چینایه‌تی و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی (بۆرجوازی) و کاریکرێگرته‌ن، سه‌رهه‌ڵده‌دات. به واتایه‌کی دیکه تا کاتێك مرۆڤ له په‌یوه‌ندییه نایه‌کسانه‌کان ئازاد نه‌بووبێت، قسه‌کردن له یه‌کسانی ئاوه‌زگیر و بنیاتنانی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیش به‌بێ بناخه‌کانی ئازادی و یه‌کسانی، ئه‌سته‌م ده‌بێت. ئازادی به‌بێ یه‌کسانی و یه‌کسانی به‌بێ ئازادی، ته‌نیا کۆیله‌تی و به‌هره‌کێشی ده‌بن، دادپه‌روه‌ریش به‌بێ پایه‌داربوونی ئازادی و یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه، ئه‌فسانه‌یه و هه‌ر پاگه‌نده‌کردنێکی له‌و جۆره، ده‌چێته خانه‌ی فریودان و خۆشباوه‌ڕکردنی تاك به وه‌ها ئه‌فسانه‌یه‌ك. چونکه دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی کاتێك جێگیر یا سه‌قامگیر ده‌بێت، که ئاسه‌وارێك له نایه‌کسانی و نائازادبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئارادا نه‌مابن و ململانێی مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری، پایه ئابووریی و ڕامیارییه‌کانی خۆی له‌ده‌ست دابێت!
له کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌ردا هه‌م مافه‌کانی مرۆڤ‌و هه‌م ئازادییه سه‌ره‌کییه‌کان بۆ هه‌موان ده‌سته‌به‌رکراوه‌و هه‌ریه‌کێك به‌قه‌د ئه‌ویدی ماف‌و ئازادی هه‌یه، که‌س مافی زیاتر یا که‌مترو که‌س ئازادی زیاتر یا که‌متر له‌ویتری نیه. ل٢٩
نووسه‌ران باس له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دادپه‌روه‌ر ده‌که‌ن، که تێیدا هه‌م تاکه‌کان وەك یه‌ك ئازاد و وه‌ك یه‌ك یه‌کسانن، هه‌م هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و نه‌ژادی و ئایینی.. تد له نێوانیاندا نییه. تائێره که‌س گرفتی له‌ته‌کدا نییه و هه‌موومان له خه‌ون و خه‌یاڵی وه‌ها کۆمه‌لگه‌یه‌کداین. به‌ڵام گرفت له‌وه‌دایه، که نووسه‌ران وه‌ك له باسه‌کانیاندا دیاره ده‌خوازن ئه‌و کۆمه‌ڵگه خواستراوه له‌سه‌ر بنه‌ماکانی سیسته‌می ڕامیاری پارله‌مانی (دێمۆکراسی ناڕاسته‌خۆ)ی فره پارتی، ئابووری بازارئازادی نیئۆلیبراڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی که له خۆراوا جێگیره، به‌ڕێوه‌به‌رن. پرسیار له‌وه‌دایه؛ ئایا له هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌رمایه‌داریدا؛ چ بازار–ئازاد و چ بازاری کۆنترۆڵکراو، چ دیکتاتۆریی کۆمونیستی و چ دیکتاتۆریی پارله‌مانی، چ شورایی ئیسلامی، چ ده‌سه‌ڵاتی ڤاتیکان، چ کۆماری و چ پاشایه‌تیدا ده‌توانن ئه‌و توخمانه؛ هه‌مووانی ئازادی وه‌ك یه‌ك، هه‌مووانی یه‌کسانی وه‌ك یه‌ك، دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌کسان بۆ هه‌مووان بوون، نیشان بدەن؟ به‌دڵنیاییه‌وه وه‌ڵام نه‌رێیه. ئه‌ی به چ لۆجیك و پێوه‌رێك ده‌یانه‌وێت خۆشخه‌یاڵییه‌کی وه‌ها کوشنده لای تاکی به‌دبه‌ختی کورد دروست بکه‌ن؟
تا ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم نووسه‌ران هیچ ڕه‌خنه‌یه‌کیان له سیسته‌مه جیهانییه‌که نییه و ڕه‌خنه‌یان له چۆنیه‌تی پیاده‌کردنی مۆدێله‌که‌یه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه هەیە. ئەگەر نووسەران بە ڕاستی بە دوای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەرییەوە بن، ئەوا خواستەکەیان بۆخۆی تێنه‌گه‌یشتنه له خودی سیسته‌مه‌که و له‌وەی ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له‌و سیسته‌مه‌دا و ڕێوشوێنی هه‌رێمی کوردستان له جوگرافیای ڕامیاریی و ئابووریی سیسته‌مه‌که‌دا، کامه‌یه! ئه‌وان هێشتا له ناوه‌ند و که‌نار یا مۆتۆری پیشه‌سازی و کانه‌کانی که‌ره‌سته‌ی خاو، که پێناسه‌ی وڵاته‌کان دیاری ده‌کات، نه‌گه‌یشتوون، یا ئه‌وه‌تا خۆیان لە گێلی دەدەن.
نووسه‌ران هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌روه‌ری چینایه‌تی ڕه‌تناکه‌نه‌وه و به شتێکی سروشتی و نه‌گۆڕی دایده‌نێن، بۆیه له ١٠٠ لاپه‌ڕه‌دا هیچ پرسیار و گومانێك ناکرێته سه‌ر سه‌روه‌ری وه‌ك سه‌رچاوه‌ی نادادوه‌رییه‌کان و سته‌مکاری. ئەگەر نووسەران بەڕاستی بە دوای داڕشتن یا لە هەوڵی دۆزینەوەی جیهانبینییەکی نوێ‌دا بووایێن، ئەوا بە ناچاری دەبوو پرسیار ئاراستەی ڕەگوریشەی نائازادبوون و نایەکسانبوونی مرۆڤەکان و نادادوەرییبوونی سیستەمە کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی و ئابوورییەکان بکەن. بەڵام ئەوان نەك تەنیا بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە لێکۆڵینەوە لە ڕەچەڵەکی نایەکسانی و نادادوەریی و کۆیلەبوون و سەرهەڵدانی سەروەری کە سەرچاوەی هەموو نادادوەرییەکانە، لادەدەن، بەڵکو پاساو بۆ نایەکسانییەکان دەهێننەوە، ئەوە تەنیا لەبەر هۆیەکی زۆر سادە و ئاشکرا، کە ئامانجی ئەوان کۆتاییهێنان بە نائازادی و نایاکەسانی و نادادوەریی نییە!
کۆڵه‌که‌ی دووه‌می کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌ر بریتییه له دابه‌شکردنێکی دادپه‌روه‌رانه‌ی سه‌روه‌ت‌و سامان‌و ده‌سکه‌وته مادییه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، ئه‌م دابه‌شکردنه پێویسته دابه‌شکردنێکی عه‌قڵانی‌و به‌ئینساف بێت، به‌شیوه‌یه‌ک بێت کۆمه‌ڵگا دابه‌شنه‌بێت بۆ نه‌دارانێک که هیچی ئه‌وتۆیان نه‌بێت‌و هه‌بووانێک هه‌مووشتێکیان هه‌بێت. ل٢٩
نووسەران پاش پێشنیارکردنی ڕیفۆرمی ڕامیاری پابەند بە ڕیفۆرمی مۆڕاڵی، دێنه سه‌ر دابه‌شکردن و ژیرانییکردن (عه‌قلانی) و ویژدانییکردنی دابه‌شکردن له سایه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناژیرانیی و ناویژدانیی سه‌رمایه‌داریدا! ئه‌گه‌ر واز له واژه و ڕسته ناپه‌یوه‌سته‌کانیان له‌ته‌ك یه‌کسانی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری بهێنین، ئه‌وا ته‌واوی مه‌به‌ستی ئه‌وان له یه‌ك ڕسته‌دا کورت ده‌بێته‌وه “که‌مڕه‌نگکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی پارت و تۆخکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی میری“، ئه‌مه‌ش بێجگه له هه‌وڵی ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتخواز به کۆمه‌ڵێك دروشمی بریقه‌داری خه‌ڵكخه‌ڵه‌تێنه‌ر، هیچی دیکه نییه. چونکه نایه‌کسانی و نائازادی و نادادوه‌ری ڕه‌گیان له بوونی سه‌روه‌ری چینایه‌تیدایه و تۆخکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی میری نه‌ك هیچ له نادادوه‌ری ناگۆرێت، به‌ڵکو ته‌مه‌ندرێژی سه‌روه‌ری مسۆگه‌ر ده‌کات و له‌م بابەتەی نووسه‌راندا ته‌نیا ده‌توانێت ڕێگه بۆ به‌شداربوونی چه‌ند چه‌ته و ڕامکار و مشه‌خۆرێکی دیکه له ده‌سه‌ڵاتداریدا خۆش ده‌کات، که پێیانوایه له به‌شکردنی سامان و داهاتی تاڵانکراوی هه‌رێمی کوردستاندا سته‌میان لێکراوه و ده‌بوو له بری (١٠) ملیۆن دۆلار، (١٠) ملیارد، له بری گردێك، چه‌ند گرد و لوتکه و دۆڵ و ده‌شتییان به‌رکه‌وتایه!
ئەگەر سەرنجی دروشم و بەرنامەی ڕیفۆرمیستان بدەین، ئەوا زۆر بە ڕۆشنی و زاقی ئەوە خۆی نیشاندەدات، کە هیچکات بە دوای گێڕانەوەی ئازادی و دادوەری و یەکسانی و بەهرەمەندی هەمووانی نییە لە سامان و داهاتی کۆمەڵگە، بەڵکو داوای بەشە تاڵانی و گەندەڵی دەکەن. هەر ئەو بەرنامەیەی کە لە پاش شکستی ڕاپەڕین پەیڕەویان دەکرد، کە پارتەکان پشكی دیاریکراوی خۆیان هەبوو و بەپێی ڕێوشوێنی ئەو پارتە و ژمارەی چەژکدارانیان، بۆیان هەبوو کارگە و شۆڤڵ و گەلابە و ڕاگری (عامود) هێڵی ئه‌له‌کتریك و بەنداو ئاودیوی سنوورەکانی تورکیە و ئێران بکەن.
بەم جۆرە، “نە نەداری وا و نە دەوڵەمەندی وا”، بێجگە لە گلەیی و وردەگیری چیتر دەتوانێت ببێت؟ نەداری وا نا، دەکاتە مەمرەومەژی کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکەی ئەوروپا، بەڵام ئەوەی ڕۆشن نییە، ئەو سیستەمە ئابوورییەی کە ئەوان پێشنیاری دەکەن، بە چ فیلتەرێك بەر بە “دەوڵەتمەندانی ئاوا” کە هەموو شتیان هەبێت، دەگرێت و پشت بە کامە شێوەی ئابووری دەبەستێت، بەرنامەڕێژ یا ئازاد؟ لێرەدا ناتوانین قسە لە ئابووری تێکەڵ بکەین، لەبەر ئەوەی سەردەمی ئاوا بوو، ئابووری بەرنامەڕێژیش پێویستی بە دیکتاتۆری وەك چاوشیسکۆ و سەدام هەیە، ئەوەی هەیە و نییە و دەمێنێتەوە، ئابووری بازار ئازادە، کە لە سەرەتا تا کۆتایی پێشنیاری جیهانبینییەکەی نووسەراندا وەك تەنیا ئەڵتەرناتیڤی بۆرجوازی سێبەری کردووە. گرفتەکە لێرەدایە، کە ئەو “نە”یەی کە نووسەران لەبەردەم “هه‌مووشتێکیان هه‌بێت” دایانناوە، ڕاستگۆیی تێدا نییە، چونکە لەو سیستەمەدا نەك مەرج و سنووردانان بۆ هەڵئاوسانی زاڵووەکانی سەرمایە نییە، بەڵکو هەر مەرج و ڕێگرییەك، دەچێتە خانەی تیرۆریستی و پێشێلکردنی مافی سەرمایەگوزاری و لێدان لە ڕەوایەتی سەرمایە و دێمۆکراسییەکەی!
دابەشکردنی ژیرانی و بەویژدان لە سایەی سیستەمی چینایەتیدا فرەتر لە ئەفسانەکانی نێو دەقە ئایینییەکان دەچێت، فرەتر لە ئامۆژگاری پیاوانی ئایینی دەچێت، بەوەی دەیانەوێت دڵی سەرمایەداران نەرم بکەن و بۆ بەزەییهاتنەوە بە هەژاراندا هانیان دەدەن.
کاتێك کە خودی سیستەمەکە ئاوەزنەگیر و ناویژدانی بێت و ئامانجی کۆتایی، چەوساندنەوەی فراوانتر و خێراتر و گشتگیرتر بێت بۆ بە دەستهێنانی سوود زیاتر و ملکەچکردنی بێبڕانه‌وه‌ی بەرهەمهێنەران، ئه‌وا پێشنیاری ویژدانییکردن و ژیرانییکردنی، ئەگەر بۆ چاوەڕوانی پێکردن و خۆشباوەڕکردنی خەڵك نەبێت، ئەوا لە تێنەگەیشتنەوەیە لە سیستەمەکە و کارکرد و میکانیزمەکانی و ئاراستە و ئامانجەکانی، کە چەندی پەرەبسێنێت، دەوڵەمەندان دەوڵەمەنتر و هەژاران هەژارتر دەکات!
دادپه‌روه‌ری به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له دابه‌شکردنێکی به‌ئینسافانه‌و عه‌قڵانیانه‌ی ده‌سه‌ڵات، پاره، زانیاریی‌و ئازادی‌دا ده‌رده‌که‌وێت به‌سه‌ر هێزه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگادا ل٣٠
ئەگەر خوێنەر بە وردی سەرنج بدات، چه‌ند دێرێك خوارتر نووسه‌ران به‌خۆیان زۆر به جوانی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی دادپه‌روه‌رییه‌که‌یان نیشان ده‌ده‌ن، که هه‌مان داخوازی شه‌ریکه‌دزانی سامان و داهاتی کوردستانه؛ دادپه‌روه‌ری له دابه‌شکردنی ده‌ستکه‌وته‌کان به‌سه‌ر سه‌رکوتوواندا!
ئەوەی کە نووسەران وەك دەسەڵاتی پێشنیارکراو وێنای دەکەن، فرەتر لە کۆپوندەر (بایع) دەچێت، دابەشکردنی دەسەڵات، دابەشکردنی پارە، دابەشکردنی زانیاریی و ئازادی لەلایەن دەسەڵاتەوە، هەر ئەوە ماوە هاوار بکەن، وەرن بۆ مەزاتخانەی ئازادی! سەرنجڕاکێشتر لەوانە دەستەواژەی “هێزە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە”، ده‌کرێت بزانین و نووسه‌ران بۆمان ڕوون بکه‌نه‌وه، که هێزه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه کێن؟
له کۆمه‌ڵگه دادپه‌روه‌ره‌که‌ی نووسه‌راندا، دادپه‌روه‌ری تائاستی پاره داده‌به‌زێت و هاوشانی دابه‌شکردنی پاره، ئازادیش به فه‌رده و مه‌ن و کیلۆ به‌سه‌ر “هێزه جیاوازه‌کان“ی کۆمه‌ڵگەدا دابه‌ش ده‌که‌ن، که دیسانه‌وه ده‌کاته‌وه دابه‌شکردنی تاڵان به‌سه‌ر هێزه ڕامیار و ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کاندا!
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که هێز نێن، چێ؟ ئه‌گه‌ر مرۆڤ گیانێکی ئازاده، ئیتر دابه‌شکردنی ئازادی وه‌ك پاره له پای چی؟ کاتێك که مرۆڤ به‌خۆی گیانێکی ئازاد بێت، ئیتر چ پێویستی به به‌زه‌ییپێداهاتنه‌وه‌ی که‌سانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌یه، تا به‌شه ئازادی بده‌نێ؟ یا ئه‌وه‌تا له کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا مرۆڤ ئازادی نییه و ئازادیش وه‌ك به‌رهه‌می سۆز و به‌زه‌یی مرۆڤه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌سه‌ر مرۆڤه ژێرده‌سته‌کاندا دابه‌شده‌کرێت یا نووسه‌ران خه‌ریکن به یاریکردن به ده‌سته‌واژه‌کان، جادوومان لێده‌که‌ن و به خشکه‌یی مه‌رگی چین و توێژه‌کان ڕاده‌گه‌یێنن و هێزه ڕامیاره‌کان ده‌که‌نه یه‌که‌ی پێکهێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی وێناکردوویان؟! ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌م ڕاستییه بشێوێنن، که مرۆڤی ئازاد تەنیا لە کۆمەڵگەی ئازاد‌دا ده‌توانێت بوونی هەبێت و دەتوانێت ئازاد بێت. کۆمەڵگەیەك کە لەسەر کۆیلەتی زۆرینەی کۆمەڵگە [چین و توێژە بندەستەکان]، برسیەتی زۆرینە و بێبەشی زۆرینە لە دادوەری و داهات و سامان و بەرهەمەکانی کاری خۆی دامەزرابێت، چۆن دەتوانێت پەروەردگەی مرۆڤی ئازاد بێت؟
Be the first to comment.