چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی/ ١٠
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی ده‌هه‌م
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی وڵاته‌که‌ی خۆی خۆشنه‌وێت‌و هاونیشتمانیان به‌سه‌رنه‌کاته‌وه، ناشتوانێت خۆشه‌ویستی‌و هه‌ستی به‌رپرسیارێتی له‌ناو تاک‌و گروپه‌کانی کۆمه‌ڵگادا به‌رهه‌مبهێنێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌ویی کورتبکاته‌وه بۆ پارستنی ده‌ستکه‌وته ده‌سته‌یی‌و خێزانییه‌کی، ناتوانێت سیاسه‌ت‌و ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی داڕێژێت. ل٢٢
نووسه‌ران باش وێناکردنی ده‌سه‌ڵاتێکی خزمه‌تکار و ملکه‌چی خه‌ڵك و داخوازییه‌کانی، به کۆمه‌ڵێك دروشم له چه‌شنی دروشمه پارتییه‌کان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵده‌ده‌ن و دواجار په‌ناده‌به‌نه‌وه به‌ر دێوجامه‌که‌ی بۆرجوازی “به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی“، هه‌روه‌ك چۆن فه‌ره‌نسییه‌کان له‌به‌ر “به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی!!” له‌ته‌ك پروسه‌کان ڕێکده‌که‌ون و کومونه‌ی پاریس، که دێمۆکراسی ڕاسته‌خۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خه‌ڵك بوو، خه‌ڵتانی خوێن ده‌که‌ن، بۆلشه‌ڤیکه‌کان له‌سه‌رده‌می لێنین و ترۆتسکیدا لە پێناو بەرژەوەندی گشتی له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاڵمان و نه‌مسا شه‌ڕ ڕاده‌گرن و کۆمونەکانی ئۆکرانیا سەرکوت دەکەن و دواتر ستالین و هیتله‌ر له‌سه‌ر پرسی پۆلۆنیا و “به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی!!” ڕێکده‌که‌ون، ئه‌مه‌ریکا له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا له‌به‌ر “به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی!!” هیرۆشیما و ناکازاکی به بۆمبی ئه‌تۆم وێران ده‌کات، شای ئێران و ڕژێمی به‌عس به چاودێری ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر “به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی!!” هه‌رسێ لایه‌ن، گه‌لی کورد سه‌رکوت ده‌که‌ن و (ڕژێمی بەعس)یش لەبەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمان زیاتر لە سێ هەزار گوند ڕاگوێز و دوو سەد هەزار گوندنشین ئەنفال و پینج هەزاریش کیماباران دەکات، به‌م جۆره لیستی سه‌رکوتی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و شه‌ڕه‌خوێناوییه‌کان و فریودانه پارله‌مانییه‌کان له‌ژێر نێوی “به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی!!”دا هێنده درێژه، مانیفێسته‌که‌ی نووسه‌ران نایگرێته خۆی!
ئایا ده‌کرێت بزانین له هه‌ر یه‌ك له‌و نموونانه‌دا تاکی بێده‌سه‌ڵاتی فه‌ره‌نسی، ڕوسی، ئه‌مه‌ریکی و ئێرانی و عیراقی و … تد چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی هه‌بووه و چی ده‌ستکه‌وت بووه؟ ئایا له کاتی ڕوودانی ئه‌و تاوانه‌دا ڕۆشنبیرانی ده‌سته‌بژیری وه‌ك نووسه‌رانی ئه‌م مانیفێسته، هه‌ر خه‌ریکی میکیاجکردن و په‌رده‌پشکردنی ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تی نه‌بوون و هه‌روه‌ك ئێستا به‌نێوی دێمۆکراسی و مافی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ری یاساوه، ئه‌و تاوانانه‌یان پاساو نه‌داوه؟ ئایا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یێنێت، که دێمۆکراتانی دوێنێ، له هوشیاری ئه‌مڕۆدا خوێنڕێژن و دێمۆکراته‌کانی ئه‌مڕؤش له هوشیاری سبه‌ینێی تاکی کورددا، چه‌قۆکێشانی ڕۆژگار و ڕاوێژکارانیان بته شکاوه‌کانی داهاتوو ده‌بن؟
ئیتر تاکی کورد له سایه‌ی بۆرجوازی کورددا چی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی هه‌یه، له کاتێکدا که ده‌بینین، بۆرجوازی له‌پێناو ئامانجی چینایه‌تی خۆیدا ئاماده‌یه شتێك به‌نێوی نه‌ته‌وه قوربانی بکات؛ ماچه‌کانی سه‌رانی به‌ره‌ی بۆرجوازی کوردستان له ڕوومه‌تی دیکتاتۆر، هاوکاری بۆرجوازی کورد له‌ته‌ك له‌شکری ڕژێمه‌کانی ئێران و تورکیه و سوریه و چاونوقاندنی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له بۆمبارانه‌کانی هه‌ر ڕۆژه‌ی ناوچه سنوورییه‌کان و .. تد. ئایا ئه‌مانه به خاتری هه‌مان “به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی!!” نین، که نووسه‌رانی ده‌سه‌ڵات پاگه‌نده‌ی ده‌که‌ن و ده‌سه‌ڵاتخوازان به‌و دێوجامه‌وه ڕاکیشی سندووقه‌کانی ده‌نگدانمان ده‌که‌ن؟ ئایا گشت تاوانە بەرچاوەکانی مێژوو هەر بەنێوی بەرژەوەندی و ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە ئەنجام نەدراون، بەرژەوەندی و ئاساییشێك، کە بێجگە لە بۆرجواکان و دەربارەکانیان کەس لێی بەهرەمەند نییە!
ئەگەر کەسانێك پەیدا دەبن و پاگەندەی ئەوە دەکەن، کە ئەوانە نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە و نیشتمان نین، دەکرێت لە سەراپای مێژوودا نموونەیەکمان نیشان بدەن، کە بۆرجوازی نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گشتی کردبێت و ئەو چاوەڕوانییانەی بەدیهێنابێت، کە ڕۆشنبیرانی بۆرجوازی تاکەکانی پێ خۆشباوەڕ دەکەن؟
نێوان سیاسه‌ت‌و کۆمه‌ڵگا، پێویستی به بیناکردنه‌وه‌ی بڕوا‌و متمانه هه‌یه له‌نێوان ده‌سه‌ڵات‌و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، پێویستی به ئاشتکردنه‌وه‌ی ڕای گشتییه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا، پێویستی به بنیاتنانی به‌هایه‌کی نوێی خۆشه‌ویستی هه‌یه بۆ نیشتمان که له سه‌رووی به‌رژه‌ندی به‌رته‌سکی حیزبی‌و ده‌سته‌گه‌ری‌و خێڵه‌کیدا بێت. ل٢٢
نووسه‌ران هه‌رچه‌نده‌یان کۆشابێت، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه ڕۆڵی ناوبژیگه‌ری خۆیان بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناڕازی و له‌ته‌ك ملیاردلێرانی مشه‌خۆردا بشارنه‌وه، ئه‌وه‌تا باس له گێرانه‌وه‌ی بڕوا و متمانه له نێوان ده‌سه‌ڵات و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌که‌ن! سه‌ره‌تا گروپی کۆمه‌لایه‌تی کێن و کامه ڕێوشوێنیان هه‌یه؟ ئه‌مه هه‌مان گه‌شه‌دانه به ڕامیارییه‌که‌ی به‌عس، که ده‌یویست به گۆڕینی نێوی (کرێکار) بۆ (فه‌رمانبه‌ر)، په‌رده به‌سه‌ر ململانێی کرێکاران وه‌ك چینێك به‌رامبه‌ر خۆی وه‌ك ده‌سه‌لاتی بۆرجوازی، بدات. نووسه‌ران به هه‌مان ئامانج و میتۆد، هاتوون چین و توێژی کۆمه‌ڵایه‌تییان گۆڕیوه به گروپی کۆمه‌ڵایه‌تی! نووسه‌ران ئه‌گه‌ر له هیچ بوارێکی تردا داهێنانیان نه‌کردبێت، ئه‌وا له‌م بواره‌دا شایسته‌ی شاباشی تایبه‌تی (ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم)ن و پێویسته ئه‌م داهێنانه به‌نێوی خۆیانه‌وه تۆمار بکه‌ن، تاوه‌کو ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌سه‌لاتێك له ناوچه‌که‌دا له یاسای کار و یاسای بنه‌ڕه‌تیدا ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی به‌کار برد، پاداشتێکی سه‌رمایه‌ی یا سیمبولی به‌م کۆمه‌ڵناسه داهێنه‌رانه‌ی هه‌زاره‌ی سێیه‌م ببه‌خشێت!
نووسەران بێجگە لە دووبارەکردنەوەی ڕستە و پەرەگرافەکانی پێشوو، شتێکی تریان نەوتووە، بەڵکو بە جۆڕێكی دیکه هەمان داخوازی و خۆشباوەڕییان داڕشتووەتەوە، خوێنەر دەتوانێت بەراوردی سێ بەشی وەرگیراوی پێشوو و بەشەکانی داهاتووش بکات. هەروەها پێویسته خوێنه‌ر لێره‌وه په‌ی به گرنگی و داهێنانه نوێیه‌کانیان له بواری ڕیفۆرم ڕامیاری و پلانه ئابووریدا ببات و گرنگی به داهێنانه ئاخرزه‌مانییه‌کانی نووسه‌رانی پۆستمۆدێرنه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌رێت!
چه‌مکی خۆشه‌ویستی نیشتمان‌و به‌رپرسیارێتی‌و به‌خته‌وه‌ری، به‌بێ به‌داموده‌زگاییکردنی سیاسه‌ت، به‌رزڕاگرتنی یاسا، پاراستنی ماف، فراوانکردنی ڕووبه‌ره‌کانی ئازادی، به‌هیزکردنی هەستی به‌رپرسیارتی‌و به‌رزراگرتنی ڕێز به‌رامبه‌ر به خه‌م‌و پێداویستییه هه‌نووکه‌یی‌و ئاینده‌ییه‌کان، ناتوانێت دروستببێت. گۆڕینی کوردستان له ده‌غیله‌یه‌کی حیزبییه‌وه بۆ نیشتمانێکی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌رکێکی گرنگی هه‌ر ڕیفۆرمێکی سیاسییه له کوردستاندا. ل٢٣
نووسه‌ران درێژه به ڕیزکردنی دروشم و ڕازاندنه‌وه‌ی بێبه‌ڵگه و بێبنه‌ما ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت کۆمه‌لێك سه‌راب بکه‌ن به ئامانج و داخوازی خه‌ڵك. ئه‌گه‌ر واز له‌وه بهێنین، که مێژووی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری و دێمۆکراسی نوێنه‌رایه‌تی نیشانیداوه، که نیشتمان هه‌مووانی درۆیه‌کی پیرۆزه بۆ فریودانی ژێرده‌ستان به به‌خته‌وه‌ری له سایه‌ی سیسته‌می تینووبه‌خوێن و ئه‌شکه‌نجه، سیسته‌می شه‌ڕ و وێرانیکردندا چیکراوه، ئه‌وا نیشتمانی نەتەوەیی سه‌رابه و به‌رزراگرتنی یاسای سەروەریش، ده‌کاته درێژبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی کۆیله‌تی مرۆڤ، له‌به‌رئه‌وه‌ی که له سایه‌ی سیسته‌می چه‌وسێنه‌رانه‌ی چینایه‌تیدا، یاسا ده‌توانێت ته‌نیا نه‌خشی قامچی سه‌روه‌ران له‌سه‌ر پشتی ناڕازییانی سیسته‌مه‌که بێت. ئه‌گه‌ر ماف و ئازادی وه‌ك نووسه‌ران پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، دیاری و به‌خشیشی بۆرجوازی بووایێن بۆ مرۆڤایه‌تی، ئه‌وا ده‌بوو مرۆڤایه‌تی چه‌ند سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر به‌بێ خه‌بات و قوربانیدان به‌و ده‌سکه‌وتانه بگه‌ییشتایه، که هه‌نووکه‌ش ده‌ستەبه‌رنەکراون و هه‌روه‌ها به‌پێی به‌ڵێن و خه‌ونه سه‌رابییه‌کانی نووسه‌ران بێ، ده‌بوو ئه‌وڕۆکه له بری ئه‌وه‌ی که هه‌یه و که‌تواره، ماوه‌ی کار کورت‌تر و داهاتی تاك به‌رزتر و بیمه ده‌رمانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان باشتر و ڕووبه‌ری ئازادی چالاکی تاك فراوانتر بوونایه، نه‌ك به‌و جۆره‌ی ده‌بینین بۆرجواکان و ڕاوێژکارانیان (پیاوه عه‌قڵانییه‌کانی سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌م) خه‌ریکن ماوه‌ی کار به‌ره‌و ماوه‌ی کاری سه‌ده‌ی نۆزده ده‌به‌نه‌وه و که‌مکردنه‌وه‌ی کرێی کار و سڕینه‌وه‌ی پشووی ساڵانه و خزمه‌تگوزارییه‌کان به‌ره‌و ئاستی چه‌ند سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر داده‌گرنه خواره‌وه. ئیتر نازانم له پای چی ئه‌و به‌ڵێنه سه‌رابییانه به هه‌ژارانی کوردستان ده‌ده‌ن؟
ئه‌گه‌ر نووسه‌ران پێیانوایه ئه‌وه بۆ نه‌زانی فڵانه سه‌رکرده و گه‌نده‌ڵی فڵانه پارت ده‌گه‌ڕێته‌وه، با له وڵاتانێك که تیایاندا ده‌ژین و سه‌رتۆپی به‌هه‌شته‌که‌ی سه‌رمایه‌دارین، چاویان بکه‌نه‌وه و له ژیانی دراوسێکانیان وردبنه‌وه! ئه‌وان خۆیان له‌وه نائاگا ده‌که‌ن، که بۆرجوازی سه‌روه‌ربێت، سامان و داهاتی نێستمان ته‌نیا ده‌چێته سه‌ر هه‌ژماری بانکیی سه‌رمایه‌دارانه‌وه، ئیتر ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه سه‌ر به پارت بن یا بێلایه‌ن و ڕۆشنبیر، ئه‌وه هیچ له کرۆکی مشه‌خۆرانه‌ی سیسته‌مه‌که ناگۆڕێت و ناتوانێت به‌ر به نادادوه‌رییه‌کان بگرێت، هه‌روا هیچ له سوودخوازی و خوێنمژی سه‌رمایه‌داره‌کان ناگۆڕێت!
٣ – گۆڕینی ئینسانی کورد له بوونه‌وه‌ریکی برینداره‌وه بۆ بوونه‌وه‌رێکی ڕێزدار
… له‌به‌رئه‌وه‌ی بونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن ماف‌و خاوه‌ن سنوورێکی یاسایی‌و به‌هایه‌کی گه‌وره‌ی خۆیه‌تی ل٢٦
نووسه‌ران زۆر جار ئه‌م ده‌سته‌واژانه دووباره ده‌که‌نه‌وه “بوونه‌وه‌ری بچووک و بێ‌ڕێز… بوونه‌وه‌رێکی پڕبه‌ها…. بونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن ماف و خاوه‌ن سنوورێکی یاسایی و به‌هایه‌کی گه‌وره‌ی..”
له‌م ده‌سته‌واژه ڕیزکراوانه‌دا ته‌نیا چه‌ندباره‌ی تێڕوانینه ئایینییه‌کان له‌مه‌ڕ به‌هاداری مرۆڤ و بێبه‌هایی بوونه‌وه‌رانی تر، که به‌خاتری باڵابوونی مرۆڤ ئافه‌رێنراون، سه‌ره‌تاتکێمان له‌ته‌کدا ده‌کەن. چونکه ئه‌گه‌ر ڕێز و به‌ها و له‌سه‌ر بنه‌مای بوونه‌وه‌ری بێت، ورچ و مێرووله و جرجیش بوونه‌وه‌رن. ئه‌و ڕێز و به‌هایانه‌ش، که بۆ هه‌ر بوونه‌وه‌رێك به‌پێی پێداویستی مرۆڤی بوونه‌وه‌ر بۆ ئه‌وانی دیکه دیاریکراون، ته‌نیا ده‌توانن نیشانه و به‌ڵگه‌ی بێڕێزی مرۆڤ بن به بوونه‌وه‌ره‌کانی تر، هاوکات مرۆڤ که له به‌رێوه‌بردنی کاروباره‌کانی خۆیدا لاسایی یاسای جه‌نگه‌ڵ و به‌رخوردی بوونه‌وه‌ره دڕنده‌کان به‌یه‌کتری ده‌کاته‌وه، واته لاسایی ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی، که خۆی بێ‌ڕێز و که‌مبایه‌خ له‌به‌رچاویان ده‌گرێت؛ ملکه‌چی و نێچیربوونی بێهێز بۆ به‌هێز، که‌چی مرۆڤ هێشتاکه پاگه‌نده‌ی به‌ڕێزی و به‌هاداری بۆ خۆی ده‌کات! ئه‌و لاساییکردنه‌وه‌یه نه‌ك ته‌نیا له بواری زۆرانبازیدا، به‌ڵکو له ڕژێمی خواردن و شێوازی سێکس و مامه‌له‌ی که‌سانی تری ده‌ره‌وه‌ی خێزان و خێڵ و نه‌ته‌وه و گروپه ڕامیارییه‌کان، مرۆڤ هه‌روه‌ك بوونه‌وه‌ره دڕنده و خواره‌کانی خۆی ڕه‌فتار له‌ته‌ك هاوجۆره‌کانی خۆی ده‌کات!
به بڕوای من مرۆڤ، ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی، که هه‌نووکه خه‌ریکی وێرانکردنی ده‌روبه‌ر و کوشتوبڕی بوونه‌وه‌ره‌کانی تره چ بۆ سه‌رگه‌رمی و چ بۆ خواردن، دڕنده‌ترین بوونه‌وه‌ره، چونکه به هوشیارییه‌وه، به به‌رنامه‌وه دڕنده‌یی ئه‌نجام ده‌دات![٤] پاشان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕێز له ڕێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی فڵانه کارگێڕ و فیساره ڕامکاره‌وه ڕوونادات، به‌ڵکو له‌وێوه ڕوودەدات، که مرۆڤ وه‌ك تاك، ده‌سه‌ڵاتدار و پۆلیسه‌کانی ناخی بکوژێت و بچێته پای هه‌ڵسوڕاندنی کاروباره‌کانی، به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ یاسای زاڵی دڕنده‌کانی سه‌روه‌ری؛ فه‌رمانده‌ر و سه‌روه‌ر، مرۆڤی به ویست و توانا، مرۆڤی کارا و چالاك، نه‌ك به‌رکار و ئۆبجێکتی سه‌روه‌ران، به‌رێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی بەهای مرۆیی له ڕێگه‌ی پیاده‌کردنی یاساکان یا سه‌روه‌ری یاساکانی سه‌روه‌ری بۆرجوازییه‌وه نییه، به‌ڵکو له له‌ناوبردنی خودی یاساکانی سه‌روه‌رییه‌وه‌یە، له گه‌ڕانه‌وه و بوونه‌وه‌ی خۆیه‌تی مرۆڤ به به‌شێك له سروشت و دۆستایه‌تی بوونه‌وه‌ره‌کانی تر، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به دژایه‌تی سه‌روه‌ران و هه‌وڵه‌کانییان بۆ له قڵبدانی ویست و داخوازییه‌کانی مرۆڤ دێتە دی.
من نازانم نووسەران لە کوێوە ئەوەیان هێناوە، کە مرۆڤ خاوەن سنوورێکی یاساییە؟ مرۆڤ بەشێکە لە سروشت و ژیان و ئازادی و بەڕێزبوونی تەنیا دەتوانێت لە چوارچێوەی یاسا سروشتییەکاندا پەرە بسێنێت، بەپێچەوانەشەوە یاسا دەستکرد و دانراوەکانی سەروەری چینایەتی، چەپێنەری ماکە مرۆییە سروشتییەکانن و لەتەك سروستی مرۆڤدا نایێنەوە و کێشەکانیش بەگشتی لێرەوە سەرچاوە دەگرن، کۆتوبەندکردنی مرۆڤ له یاسا دەستکردەکاندا.
له‌هه‌مووشی بێڕێزتر ته‌ماشاکردنی خه‌ڵکه وه‌ک ڕه‌عیه‌تێکی ده‌ست له‌سه‌رسنگ‌و ته‌ماشاکردنی ده‌سه‌ڵاتدارانه بۆخۆیان وه‌ک سه‌روه‌رانێک له‌سه‌روی یاسا‌و لێپرسینه‌وه. ل٢٦
لێره‌دا پرسیارێك دێته پێشه‌وه، به کامه شێواز و کامه به‌ڵگه به پایگه‌یه‌کی وه‌ها ده‌گه‌ین؟ ئایا ئه‌و سووك سه‌یرکردن و سه‌روویاسایه‌ی سه‌روه‌ران ته‌نیا له ده‌سه‌لاتدارانی کوردستانه‌دا هه‌یه یا له گشتێتی سیسته‌مه‌که‌دایه؛ بۆ نموونه پارساڵ له یه‌کێك له دانیشتنه ئاساییه‌که‌ی پارله‌مانی ئاڵمان‌دا له‌مه‌ڕ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی گه‌رمی و ئه‌له‌کتریك، سه‌رۆکشالیارانی ئه‌و وڵاته وتی “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نرخی ته‌له‌فۆن و ئینتێرنێت داشکاوه، ئه‌و بیمه بێکارییه (کۆمه‌که بێکارییه) که هه‌یه، زیاده‌ی ده‌بێت و له به‌رامبه‌ردا بێکاران و کۆمه‌كوه‌رگران ده‌توانن قه‌ره‌بووی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئه‌له‌کتریك (کاره‌با) و گه‌رمی پێ بکه‌ن“. ئه‌م ڕێزدارییه له مرۆڤ و پێداویستییه‌کانی، که به قسه‌ی خاتوونی ده‌سه‌ڵاتداران، ئه‌و چه‌ند سه‌نته که ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێت هه‌رزان بووه، ده‌بێت که‌م بکرێته‌وه یا له بری زیادبوونی چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی نرخی ئه‌له‌کتریك و سووته‌مه‌نی له‌به‌رچاو بگیردرێت! له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌موومان سکانداڵه‌كه‌ی بریتانیای پارساڵمان له یاده، که خه‌رجی سه‌یرکردنی فیلمی پۆرنۆگرافی شالیاران و ئه‌ندامپارله‌مانه‌کان له‌سه‌ر داهاتی کۆمه‌ڵگه بووه. ده‌کرێت نووسه‌ران پێمان بڵێن، ئه‌دی یاسا له کوێ خه‌وتبوو؟ ئایا یاسا به هه‌مان شێوه‌ی سزادانی دزینی پاکه‌ته جگه‌ره‌یه‌ك، به‌ره‌نگاری دزه گه‌وره‌کانی وڵات بووه‌وه، که چەندین ملیۆن پاوەند حه‌په‌لوش کرا بوون و ده‌کرێن؟
پاشان له سیسته‌می چینایه‌تیدا مرۆڤه‌کان ته‌نیا ڕێزی کۆدێکیان هه‌یه، که به هۆیه‌وه باجیان لێده‌سێنرێت و مرۆڤی کورد له سه‌ره‌تای بێڕێزییه‌کەدایه و هێشتا له کوێمانه له‌ته‌ك به‌هاکانی سیسته‌می نیئۆلیبراڵ ئاشنابین!
شتێکی دیکه پێویسته نووسه‌ران سه‌رنجی بده‌نێ، ئه‌وه‌یه، خۆ (کارزایی) ئه‌فگانستان له شاخ په‌روه‌رده نه‌بووه و هه‌م سه‌رمایه‌دار بووه و هه‌م له فێرگه باڵاکانی (سی ئای ئه‌ی)دا مۆڵه‌تی سه‌رۆکایه‌تی وه‌رگرتووه، ده‌کرێت بزانین بۆ ڕێزی ئه‌فگانییه‌کان هێنده له خواره‌وه‌یه، که زۆربه‌ی نووسه‌رانی کورد ته‌نانه‌ت تا ئاستی سووکایه‌تی ئه‌فگانییه‌کان وەك نموونەی مرۆڤی خوار و کەم بە نموونە دەهێننەوە؟
خۆگیلکردن لە بنچینەیەك کە سیستەمی چینایەتی لەسەر وەستاوە، بەرەو شوێنێکی دیکه ملدەنێت، ئەویش شاردنەوەی میکانیزمەکانی کارکردی سیستەمەکەیە لە دروستکردن و پەرەدان بەو هەڵاوارنە، ڕۆلێ مامان دەبینن. ئەوە تەنیا دەسەڵاتدارانی کوردستان نین، کە خۆ‌یا وەها دەبینن، بەڵکو ئەوە خودی سیستەمەکەیە، کە پایەکانی ئاخا و سەپانی ڕاگرتووە و پەرەیان پێدەدات. ئەگەر بەراوردی خۆزلزانینی دەسەڵاتدارانی کوردستان و شمشێر لەسەر ملدانانەکەی شاژنی بریتانیا بکەین، دەبینن، کە سووکایەتی و کەم تەماساکردنی خەڵك لە کارێزەکەی دێمۆکراتی پارلەمانییەوە، لە لانکەکەی ئەو دێمۆکراسییەوە سەرچاوە دەگرێت!
Be the first to comment.