چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی/ ٨
هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی هه‌شته‌م
نیشتمان ئه‌و شوێنه‌یه که مرۆڤ تیایدا مافه‌کانی پارێزراوبێت‌و دادپه‌روه‌ریی له‌نێوان تاک‌و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پیاده‌بکرێت‌و هه‌ست به به‌خته‌وه‌ریی‌و ئارامی‌و ئاساییش بکات، هه‌ستبکات ئینتیمای بۆ شوێنێک هه‌یه ئینسانبوونی ده‌پارێزێت‌و گه‌شه‌ی پێده‌دات‌و ڕێزی لێده‌نێت. ل١٩–٢٠
وێرای ئەوەی کە نووسەران دان بە شوێنبوون (یەکەی جوگرافیایی)ی نیشتماندا دەنێن، دیسانه‌وه ناچارم بپرسم، ده‌کرێت نیشتمانێکمان به‌و پێناسه‌یه‌ی خۆتان نیشان بده‌ن، که ئه‌و ئامانجانه‌ی تێدا مسۆگه‌ر بن؟
هه‌روه‌ها ئه‌وه شوێن (نیشتمان) نییه، که مرۆڤبوون ده‌پارێزێت، به‌لکو ئه‌وه ئاماده‌یی و هوشیاریی تاك خۆیه‌تی له پێداگری و سه‌پاندنی ویست و خواسته مرۆییه‌کانیدا به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا، که مرۆڤبوونی ده‌پارێزێت و نیشتمان تەنیا لە بوونی مرۆڤی شوناسداردا واتا پەیدا دەکات و ئەو شوناسەش خودی مرۆڤ بە خۆی دەبەخشێت و لە دەرەوەی خۆی هیچ ناتوانێت شورەی پاراستنی بێت!
من ناچارم، هه‌رده‌م له‌و وێنه جادوویانه بده‌م، که نووسه‌ران ناڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌یان ده‌کێشن، که پێیانوایه کارێزی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی له پارله‌مانه‌کانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و به‌ره‌و کون و قوژبنه‌کانی کۆمه‌ڵگه و دوا گونده دوورده‌سته‌کانی خوڕ خوڕ ده‌ڕوات. ئه‌وان خۆیان له‌وه لاده‌ده‌ن، که ئارامی و ئاوه‌دانی نیشتمانه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر ده‌مکوت و تاڵانی نیشتمانه وێران و دزراوه‌کانی ئێمه و چه‌وسانه‌وه‌ی هاوچینانی ئێمه له‌و وڵاتانه‌دا، ڕاگیراون.
ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌و وێنانه بشارنه‌وه، که ڕازیکردن و بێده‌نگڕاگرتنی هه‌ژاران و بێکارانی ئه‌وروپا به شتومه‌کی یه‌ك پاوه‌نی و هه‌رزانباییه‌کان و بە مه‌مره‌ومه‌ژی کرێکارانی پۆشاکدووری به‌نگلادیش و هیندوستان و پاکستان و فلیپین و ژنه کرێکاره‌کانی مه‌راکیش و وڵاتانی تری ئه‌فریکی، که خۆراکه ده‌ریاییه‌کان به که‌مترین کرێی ڕۆژانه و دڕندانه‌ترین ڕه‌فتاری بۆرجوازییانه ئاماده ده‌که‌ن، ده‌وه‌ستێت و تەواو دەبێت. ئه‌وان نایانه‌وێت وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی نیشتمانه‌کانی ئه‌وروپا نیشانی لاوانی کوردستان بده‌ن، که تۆڵاشه‌به‌ردی قه‌ڕاخ هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره تیژڕه‌وه‌کانی ئه‌وروپا، ڕۆژانه به هه‌زاران برین له ده‌ست و ده‌موچاو و جه‌سته‌ی منالانی به‌ردشکێنی ئاسیادا به‌جێده‌هێڵن. ئه‌وان نایانه‌وێت، له پشت وێنه‌ی نیشتمانه به به‌هه‌شتکراوه‌کانی ئه‌وروپا [لای لاوانی کوردستان]، وێنه ڕاسته‌قینه‌کانی نیشتمانپه‌روه‌ری له تف و جنێوی ڕاسیسته‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا و که‌نه‌دا، وێنه ڕاسته‌قینه‌کانی ناسیونالیزم له چه‌قۆکێشی نیئۆنازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریکادا نیشانی لاوانی فریوخواردووی کوردستان [به به‌هه‌شته‌کانی دێمۆکراسی بۆرجوازی] بده‌ن!
کاتێك به وردی نێوان و پشتپه‌رده‌ی ده‌سته‌واژه‌کان ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌و خه‌ونه ژاراوییه‌ی بۆرجوازی کورد ده‌بینین، که ئه‌گه‌ر بواری هه‌بێت، ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دیکه نه‌یانوانیوه پێهه‌ستن، ئه‌م ئه‌نجامی ده‌دات. ئه‌و هه‌موو ورده‌گیرییه‌ی ورده‌بۆرجوازی له ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، که‌چی بۆ جارێکیش زمانیان ناگه‌ڕێت، باسی خزمه‌تکاره ئه‌فریکی و که‌ناسه به‌نگلادیشی و سریلانکییه‌کان بکه‌ن، چونکه ئه‌وانه مرۆڤی ناکوردن و مافێك که نووسه‌ران داوای ده‌که‌ن، نه‌ك کرێکارانی کۆچه‌ر ناگرێته‌وه، به‌ڵکو کرێکاره کورده‌کان و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی تر؛ تورکمان و کلدان و ئاشوورییه‌کانیش لای نووسه‌ران، شایانی نین!
… هه‌ر حیزبه‌و به ئاره‌زوووی خۆی تیایدا بێپلان‌و به‌رپرسیارێتی، به‌بازدان به‌سه‌ر ساده‌ترین پێدراوی نه‌ته‌وه‌ییدا نه‌خشه‌ی ئابووری‌و سیاسه‌ت‌و ئیداره‌و هونه‌رو فیکر‌و په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت به‌خۆی داده‌ڕێژێت. ل٢٠
نووسه‌ران داهێنانێکی تریان خستووه‌ته سه‌ر خه‌رمانی داهێنانه‌کانی تری ده‌سه‌ڵاتخوازان و له پاڵ هه‌راوهوریای بێیاسایی و بێڕابه‌ری و بێپارتی ده‌ده‌نه پاڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرجوازی کورد. ئه‌مه‌یان له نه‌زانییه‌وه نییه، به‌ڵکو به ئه‌نقه‌ست بۆ لادانی سه‌رنجی تاکی نارازی کۆمه‌ڵگه‌یە له‌سه‌ر هۆکاره بنچینه‌ییه‌کانی سه‌رکوتی ئازادی و نادادوه‌ری و نایه‌کسانی. ئه‌وی خۆی گێل نه‌کاتن، ئه‌وا ده‌زانێت، که له سه‌رده‌می جیهانگیریدا، ئیتر شتێك نییه، نێوی ئابووری نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بێت و ئه‌وه‌ی هه‌یه، ته‌نیا پاسه‌وانیی بازاره‌ئازاده‌کانی نیئۆلیبرالیزمه و ته‌نیا سه‌روه‌رییه‌ك، که هه‌یه سه‌روه‌ری کۆمپانی و بانکه جیهانلووشه‌کان و نۆکه‌ره ناوچه‌ییه‌کانیانه. له‌و په‌یوه‌نده‌شدا ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرجوازی کورد و عیراق و ئه‌فگانستان و .. تد ته‌نیا پاسه‌وانن و توانانی دانانی پلانی ئابووری و پرۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنان، کاری ئه‌وان نییه، هه‌روه‌ك چۆن زیندانیکردن و به‌ڕه‌ڵاکردنی زیندانییه‌ك، کاری زیندانه‌وانێك نییه و سه‌رۆك و به‌ێوه‌به‌ران بریاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن!
پاشان بۆ پلان نییه، مه‌گه‌ر ئه‌و هه‌مووه ڕاوڕووته به‌بێ پلان ده‌کرێت، ئه‌و هه‌مووه سه‌رکوت و زیندانی و له سێداره‌دانه، به‌بێ پلان ده‌کرێت؟ پارته بۆرجوازییه‌کانی کورد له شاخیش به پلانه‌وه کاریان کردووه و به پلانه‌وه ئێمه‌یان به کوشت ده‌دا. به‌ڵام پلانی ئابووری و ڕامیاری و ستراتیجی کاری ئه‌و کۆمپانیا و ناوه‌نده جیهانیانه‌یه، که له‌شکره‌کانیان نارده ئه‌فگانستان و عیراق. مەگەر ئەوە پلان نییە، کە بەپێی بەرنامەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی، هەموو کەرتە دەوڵەتییەکان، تایبەتی دەکەنەوە و لە هەراجخانەی بازارئازاددا، میری فرۆشیارە و پارتەکانی ناو بازنەی میرایەتی خۆیان کڕیارن و بەو جۆرە یەکەمین هەنگاوەکانی بازارئازاد لە کوردستاندا دەنرێن. ئەگەر ئەوە پلان نەبێت، دەکرێت نووسەران پێمان بڵێن پلان چ سەیروسەمەرەیەکە؟
کوردستانی نیشتمان تا ئه‌مڕۆ خاوه‌نی سرودی نیشتمانی خۆی نییه، خاوه‌نی زمانی فه‌رمی یه‌کگرتووی خۆی نییه، خاوه‌نی ده‌زگای گه‌یاندنی حکومی بێلایه‌ن نییه، خاوه‌نی کاره‌باو ئاو‌و پۆست‌و کشتوکاڵی خۆی نییه، خاوه‌نی ئابوورییه‌کی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی نییه، خاوه‌ی جیهازێکی ئیداری بیرۆکراسی بێلایه‌ن نییه‌و له ڕاسیتیدا خاوه‌نی حیزبێکی سیاسیش نییه. ل٢٠
نووسه‌ران، کۆمه‌لێك نییه و نییه ڕیز ده‌که‌ن، لێره‌دا ناکرێت کاتی خوێنه‌رانی هێژایان پێوه به‌فیڕۆ بدرێت، ئه‌گینا سروودی نیشتمانی بێجگە لەوەی کە ده‌توانێت کۆمه‌ڵێك دروشمی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بێت و ڕۆڵه‌ی هه‌ژاران به قوڕگی شه‌ڕه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کاندا بکات، یا له باشترین باردا وه‌ك سرووده‌که‌ی هیتله‌ر ببێته سه‌رچاوه‌ی توندترین به‌هره‌کشی کار به‌نێوی ” کار مرۆڤ ئازاد ده‌کات” و له پاڵیشیدا وا له تاکی ناهوشیار بکات، نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌رزتر و باشتر له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ببینێت، بۆ تاکە بندەستەکان چ سوودێکی هەبووە و هەیە و دەبێت. ئیتر ئه‌م شیوه‌نه بۆ قێزه‌ونترین شت، که سروودی سه‌روه‌ری بۆرجوازییه، به‌ناوی نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌وه، له پای چییه؟
زمانی یه‌کگرتوو نه کار و ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتدارانه و نه به‌کوته‌کی شۆڤێنیستانه‌ی ده‌سته‌بژێرێك دروست ده‌بێت، یه‌کگرتن له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی بوونی ده‌بێت، ئه‌گینا ده‌بێته سه‌پاندن و سه‌رکوتگه‌ری، ئه‌گه‌ر که‌سێكیش خوازیاری ئه‌وه‌یه، ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌زموونی هاوچینه‌کانی “که‌مالیسته‌کان“، کە پاش حەفتا ساڵ سەپاندن، هەنووکە ناچارن مل بە خوێندنی زمانی کوردی “تورکه کێوییەکان” بدەن!
زمان و خوێندنی زمان و به‌کاربردنی زمان و هه‌ڵبژاردنی زمان، یه‌کێکه له هه‌ره سه‌ره‌کیترین پێداویستییه که‌سییه‌کان له پاش هه‌ناسه‌دان و خواردن و خه‌وتن و پاشه‌ڕۆفڕێدان، هه‌روه‌ها یه‌کێکه له هه‌ره سه‌ره‌کیترین ئازادییه که‌سییه‌کان و که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه له‌ژێر هیچ بیانوویه‌کدا زمان یا دیالێکتێك به‌سه‌ر که‌سی تردا بسه‌پێنێت و نه‌ته‌وه‌ش هیچ ڕه‌سه‌نییه‌تی نییه، تاوه‌کو مرۆڤ له پێناویدا ناچار به وازهێنان له ئاخاوتنی خۆی بێت. نه‌ته‌وه، خێڵی گه‌وره‌بووی ڕۆژگاره یا کۆی پێکهاتنی خێله‌کانه و هێچی تر. ئه‌گه‌ر خێڵ و ناوچه‌گه‌ری شه‌رمه‌زاری بن، ئه‌وا نه‌ته‌وه، که پیربوون و گەورەتربوونی خێڵە، شه‌رمه‌زاریترینی شه‌رمه‌زارییه‌کان ده‌بێت.
لێره‌دا باسی زمان بۆ هه‌لێکی دیکه هه‌ڵده‌گرم، به‌س ئه‌وه‌نده به پێویست ده‌زانم بڵێم، که نه‌ك که‌مینه‌کان و ناوچه‌کان مافی خۆیانه زمانی خۆیان بخوێنن و بپارێزن و په‌ره‌ی پێ بده‌ن، به‌ڵكو هه‌موو لادێیه‌کی چه‌ند ماڵه مافی خۆیانه به بنزاراوه‌ی خۆیان بخوێنن و بنووسن و کاره‌کانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو هه‌موو که‌سێك و گروپێك مافی خۆیه‌تی ته‌نانه‌ت زمانێكی ده‌ستکردی وه‌ك (ئێسپرێنتۆ) یا هه‌ر زمانێکی دیکه بکاته زمانی ئاخاوتن و خوێندن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆی. له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وه ده‌رکی بۆماوه‌یی خێڵه‌کییانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه، که زمان ده‌سه‌پێنێت و ئه‌وانی دیکه ناچار به به‌کاربردنی ده‌کات. ئایا مرۆڤایه‌تی هیچ سوود و به‌هره‌مه‌ندییه‌کی له ناوه‌ندێتی ده‌سه‌ڵات و سنووره‌کان بردووه، تاوه‌کو زمانی ناوه‌ندی سەپێنراو سوود و گرنگی بۆی هه‌بێت؟
ئه‌و پاگه‌نده شۆڤێنیستییانه‌ی ئه‌وڕۆکه ده‌سته‌بژێرێك له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازیدا بۆ زمانی ستانداردی ده‌کات، هیچ نییه بێجگه له ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی پاوانخوازیی و سه‌رپاگیریی خێڵه‌کییانه‌ی جاران. سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادی به‌کاربردن و خوێندن و نووسینی زمان له ده‌ڤه‌رێك یا تاقه گوند و خێزانێك به بیانووی ئه‌وه‌ی ناسیونالیزم وه‌ك ئایدیلۆجیای بۆرجوازی خێڵه گه‌وره‌که (نه‌ته‌وه) له سه‌رووی ویست و ئازادی و ماف [ لەوانەش بەکاربردنی زمان (دیالێكت) بە دیاریکراوی]ی تاکه‌کانه‌وه داده‌نێت، نه‌ك هه‌ر شۆڤێنیزمه، به‌ڵکو ژێرپێخستنی مرۆڤایه‌تی تاکه‌کان و چه‌پاندنی سروستی مرۆڤیشه!
ده‌زگه‌ی گه‌یاندنی میریی بێلایه‌ن چییه؟ ئه‌گه‌ر مەبەست لە دەزگەکانی ڕاگه‌یاندنه، ئه‌وا هیچ کات بێلایه‌ن نین و ئه‌گه‌ر کەسێك فریوده‌ر یا ناهوشیار نەبێت، ئه‌و ڕاستییه ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر نووسه‌ران نموونه‌یه‌ك له ڕاگه‌یاندنی بێلایه‌ن له دونیای سه‌رمایه‌داریدا شك ده‌به‌ن، با ئه‌و چاکه‌مان له‌ته‌کدا بکه‌ن و به ئێمه‌ی نیشان بده‌ن. به‌ڵام ئێمه ده‌توانین، له ئایدیالترین ده‌وڵه‌تدا که ئه‌وان له ئێمه‌ی ده‌که‌نه به‌هه‌شت، نیشانی بده‌ین، که به درێژایی ساڵ ده‌زگه‌کانی ڕاگه‌یاندن هۆشی بینه‌ر و خوێنه‌ر و بیسه‌ر، به ژاراوی چینایه‌تی ده‌شۆنه‌وه و لایه‌نداری ئه‌و ده‌زگه‌یانه ده‌شارنه‌وه، به‌ڵام هه‌ر له‌ته‌ك ڕوودانی خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت یا کۆمپانییایه‌ك یا مانگرتنێکی گشتی ڕوویدا، ئیتر ده‌سته شاراوه‌کانی بۆرجوازی و ده‌سته‌بژێره‌کانی له پشت ئه‌و میدیا بێلایه‌نانه‌ی نووسه‌رانه‌وه ده‌رده‌که‌ون و ده‌بنه مشتی ئاسنین و ده‌می خه‌ڵکی ده‌کوتن!
پیشه‌سازی و کشتوکاڵ و ئابووری و ڕامیاری نه‌ته‌وه‌یی، وه‌ك وتم تازه مه‌گه‌ر به‌خه‌ون یا له‌و دونیای ئاسمانه‌کاندا، یا ئه‌وه‌تا نووسه‌ران به تیئۆرییه جادووییه‌کانیان مرۆڤایه‌تی و مێژووه‌که‌ی بۆ دووسه‌د ساڵێك بگێڕنه‌وه دواوه و له‌بری شێخ و مه‌لاکانی ئه‌و کات، ئه‌م ڕۆشنبیرانه ڕابه‌رایه‌تی ناسیونالیزم بگرنه‌ده‌ست و ده‌وڵه‌ته خه‌وناوییه‌که‌یان دامه‌زرینن! ئه‌گینا له‌به‌ر چاوی کاڵی کوردانه‌ی نووسه‌ران، ناوه‌نده جیهانییه‌کانی سه‌رمایه، له ناوچه‌که و جیهاندا دیارده‌یه‌کی ناوازه دروست ناکه‌ن. لێره‌دا مه‌به‌ستم له ده‌وڵه‌تی بۆرجوازی کوردی نییه [چونکه ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ناوه‌نده جهیانلوشه‌کان بیخوازێت، ئه‌وا له ماوه‌ی چه‌ند مانگێکدا چوارپارچه‌که به‌یه‌که‌وه ده‌لکێننه‌وه و ده‌یانکه‌نه ده‌وڵه‌تێك و زۆرینه‌ی ده‌ستهه‌ڵبڕه‌کانی ناو UN ده‌نگی پێده‌ده‌ن]، به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یە، که نووسه‌ران ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووریی و ڕامیاریی سه‌ربەخۆی نه‌ته‌وه‌یی دروستی بکه‌ن!
به بۆچوونی من، چیتر ئه‌سته‌مه خه‌ونه ناسیونالیستییه‌کان وه‌ك سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست، بتوانن پێییه‌کیان له که‌تواردا بێت، له باشترین باردا له ده‌سه‌ڵاتی (ینک) و (پ‌د‌ک) باشتر نابن. پاشان باسکردن له کشتوکاڵ و پلان و ئابووری و ڕامیاری نه‌ته‌وه‌یی .. تد، له سه‌ر کامه زه‌مینه‌ی که‌تواریی له سایه‌ی بالاده‌ستی سه‌رمایه‌داری جیهانیدا، هه‌رێمی کوردستان، که به‌خۆی به‌شێکه له وڵاتکی داگیراو (عیراق) و ده‌سه‌لاته‌که‌شی به‌شێکه له میرییه‌کی سه‌پاو، ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی و ڕامیاریی خۆی بپارێزێت، ئیتر ئه‌م ده‌سته‌واژه فرۆشتنه به تاکی کورد، له‌پای چییە؟
نووسه‌ران له دوادێری ئه‌و په‌ره‌گرافه‌دا خوازیاری دەزگه‌یه‌کی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بیرۆکراسی بێلایه‌نن و دواجاریش پارته‌کان به ناڕامیارییبوون تاوانبار ده‌که‌ن، نازانم ئه‌م وشه ڕیزکراوه بێواتایانه له پای چین و بۆچین؟ من وه‌ڵام بۆ خۆیان به‌جێده‌هێڵم و ته‌نیا هێنده به‌سه، که بنووسم “به‌بێ توانج“!
ئاخر پارتی ناڕامیاری کامه‌یه و له چ قوتویه‌کی عه‌تاردا په‌یدایان کردووه؟ پارت یا بوونی نابێت یا که په‌یدا بوو، ئه‌وا بۆ ڕامکردن (ڕامیارییکردن)ی خه‌ڵك دروستی ده‌که‌ن! له کاتێکدا که “پارتی که‌ران“یش ناتوانێت ڕامیاریی نه‌بێت و به‌بێ ئامانج نه‌هاتووه‌ته بوون، که ئامانجیشی هه‌بوو، ڕامیاری بۆرجوازیش وه‌ك فێڵ و لەخشتەبردن پێویسته، چونکە پارتی بێڕامیاری، وەك چه‌کی بێ گولله وایە و ڕاوی پێناکرێت!
بیرۆکراسی، ناشیرین‌ترین ڕووی سیسته‌می بۆرجوازییه، به‌ڵام نازانم ئه‌و بێلایه‌نه داهێنانی کام سه‌رده‌مە و کامه هێز له پشتییه‌وه وه‌ستاوه. بە ناڕامیاری هەژمارکردنی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانیش، به بڕوای من له هیچ فه‌رهه‌نگێکدا بێجگه له فه‌رهه‌نگی خۆشباوه‌ڕکردنی تاك به پارت و پارتایه‌تی، لە هیچ شوێنێکی تردا جێی نابێتەوە.
ئه‌م نیشتمانه بووه به که‌رتێکی گه‌وره‌ی ئابووری تایبه‌ت به هه‌ردوو حیزبه‌که. ل21
نووسه‌ران له بیریان کردووه، که چه‌ند دێر پێشتر پێناسه‌ی نیشتمان به ئینتیما و کۆمه‌ڵێك هه‌ست و په‌یوه‌ندی ده‌که‌ن، له بیریان ده‌چێت و ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر پێناسه ڕاسته‌قینه‌که‌ی ناسیونالیزم بۆ نیشتمان؛ بیره‌نه‌وت و کارگه و کێڵگه و ته‌لار و سێبه‌ری داربه‌ڕووه‌کانی، ئینجا بۆ پاکردنه‌وه‌ی پێی چینی سه‌روه‌ر و سیسته‌مه‌که‌ی، هه‌موو خه‌تاکه بۆ پارته‌کان ده‌گه‌ڕێننه‌وه، زۆر زیره‌کانه ئه‌م ئامانجه له ته‌واوی (100) لاپه‌ڕه‌ی په‌رتووکۆکه‌دا کاری له‌سه‌ر کراوه.
ئه‌وه‌ی بۆ بۆرجوازی وه‌ك چینێکی جیهانی بێنه‌ته‌وه، نیشتمان ته‌نیا که‌رتی تایبه‌تییه و نه‌ته‌وه‌ش دێوجامه‌ی شاردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌کانی، ڕاستییه‌کی نکۆڵیهه‌ڵنه‌گره و مێژووی شۆڕش و شه‌ڕ و هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه و په‌رده‌یان له‌سه‌رلاداوه.
ئه‌وه هیچ گومانی تێدا نییه، که نیشتمان له سایه‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تیدا یا ماره‌کراوی (پارت)ه یا هی (میری)، ئه‌وه‌ی خه‌ون به نیشتمان هه‌مووانی ” نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵ” یا “مرۆڤایه‌تی“یه‌وه ده‌بینێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ر لێهاتووی ئه‌وه‌ی تێدابێت و به‌دوای ڕاستیدا بگه‌ڕێت، پێویسته له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتخوازیدا بۆ پانتاییه‌ك بگه‌ڕێت، که مرۆڤه‌کان تێیدا ئازاد و یه‌کسان و ته‌با بژین و هه‌مووان له سامان و داهاتی به‌هره‌مه‌ند بن و هه‌مووان له به‌رامبه‌ر ئاوه‌دانی و بنیاتنانیدا لێپرسراو بن.
نووسه‌ران له بیر ده‌که‌ن، که تاوه‌کو نیشتمان به‌شێك بێت له دارایی بۆرجواکان و سه‌روه‌ری چێنایه‌تییان به‌سه‌ر چین و توێژه ناسه‌روه‌ره‌کاندا، ئه‌وا لێپرسراوه‌تی بۆ تاکی بێ‌نیشتمان (ناسه‌روه‌ر و بێسه‌رمایه) به کۆیله‌تی ته‌واو ده‌بێت و چه‌ندی بچێته پای شه‌ڕ و پلانه نیشتمانییه‌کان، هێنده‌ی دیکه زنجیره‌کانی ده‌ستی توندتر ده‌کاته‌وه. تاکی ناسه‌روه‌ر، له بری لێپرسراوه‌تی و پارێزگاری له نیشتمانێك، که ئه‌و خاوه‌نی نییه، پێویستی به تێکشکاندنی سه‌روه‌رییه‌که، که نیشتمان ده‌کاته زیندانی کۆیله‌تی تاکی بنده‌ست!
نووسه‌ران ئه‌وه‌شیان له‌بێر ده‌چێت، که نیشتمان به واتا دروسته‌که‌ی و به واتاکه‌ی ئه‌وانیش، ناتوانرێت مۆرکی نه‌ته‌وه‌یی لێبدرێت و هه‌ر کاتێك شتێکی وا ڕووبدات، ئه‌وا ناسیونالیزمی به‌رهه‌ڵستکاری ده‌سه‌ڵاتی شۆڤێنیزمی سه‌رده‌ست، به‌خۆی جێگه‌ی هه‌مان شۆڤێنیزم ده‌گرێته‌وه. چونکه ئه‌گه‌ر کوردستان ته‌نیا نیشتمانی کوردان بێت، ئه‌ی نیشتمانی کلد و ئاشوور و تورکمان، کوێیه؟
ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره بێت، که نووسه‌ران نیشتمان به نه‌ته‌وه تایبه‌ت ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وا هیچ کات تاکی کلدان و ئاشوور و تورکمان له به‌رامبه‌ر نیشتمانێکدا که کوردستانه، هیچ ئه‌رك و لێپرسراوه‌تییه‌کان له‌سه‌ر شان نییه و مافی خۆیانه، که ببنه تێکده‌ر و دژایه‌تی بکه‌ن!
Be the first to comment.