چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی /٧
هەژێن
سەرنجداندنێکی ڕەخنەیی له پەرتووکۆکەی “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”ی مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی
بەشی حه‌وته‌م
٢– نیشتمان له ماڵی پارته‌وه بۆ ماڵی هه‌مووان ل١٨
به‌رقوڵ با به‌م پرسیاره له سه‌ردێڕه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین؛ ئایا له وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریکا و ئوسترالیا و که‌نه‌دا، که لە ڕوانگەی نووسەراندا له‌و ولاتانه‌دا نیشتمان ماڵی هه‌مووانه، ئایا به ڕاستی نیشتمان هی هه‌مووانه؟
حه‌ز ده‌که‌م، نووسه‌ران پێمان بڵێن، که ڕووبه‌ری خانووی ده‌سه‌لاتداران و ڕامکاران له‌ته‌ك کارتۆن و گونییه‌ی ژێر سەری لانه‌وازان [ئه‌ویش ئه‌گه‌ر پۆلیسه‌کانی نیشتمان چاوپۆشی بکه‌ن و بهێڵن سه‌رخه‌وێکی ساردوسڕ بشکێنن]، یه‌کسانه؟ ئایا هه‌مووان وه‌ك یه‌ك له داهاتی نیشتمان به‌هره‌مه‌ندن؛ بۆ نموونه موچه‌ی سه‌رۆکشالیار و کرێی کرێکارێك، موچه‌ی ئه‌ندامپارله‌مان و بیمه‌ی بێکارێك وه‌ك یه‌ك وایه؟ ئایا هه‌مووان له به‌رده‌م سه‌روه‌ری یاسا و ده‌زگه سیخوڕیی و پۆلیسیی و کارگێرییه‌کاندا یه‌کسانن؟ من ناڵێم سه‌رۆککشالیاری بریتانی یا شاژنی هۆڵه‌نده، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خاوه‌نی باڕێك یا سۆپه‌رمارکێتێك و که‌سێکی ماڵبه‌کۆڵ بچنه به‌رده‌م دادگه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس، یا فه‌رمانگه‌ی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایا هەردوولا هه‌ر وه‌ك یه‌ك هاوکاری و مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا ده‌کرێت؟
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆککۆماری ئا‌ڵمانیا وازی له له پۆسته‌که‌ی هێنا، به‌ڵام تا مردن له هه‌مان ناز و به‌خشیش و موچه به‌هره‌مه‌نده، له به‌رامبه‌ردا کرێکارێك که ئه‌گه‌ر (٢٠) ساڵ به‌رده‌وام کاری کردبێت و کاره‌که‌ی له ده‌ست بدات، نه‌ك ١٠٠%ی مانگانه کرێکه‌ی وه‌ك بیمه‌ی بێ‌کاری وه‌رناگرێت، به‌ڵکو ته‌نیا بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ بیمه‌ی بێ‌کاری وه‌رده‌گرێت و دواتر فڕێیده‌ده‌نه لیستی بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆژانه وه‌ك ته‌وه‌زه‌ڵێك [وه‌ك ته‌وه‌زه‌له‌کانی ناو پارله‌مان به ڕێزه‌وه نا] مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا ده‌که‌ن و نووسه‌ران به‌خۆیان ده‌زانن، ئه‌و مامه‌ڵه‌یه چۆنه و به‌رامبه‌ریان ده‌کرێت! خۆ ئه‌و کرێکاره به‌دبه‌خته ئه‌گه‌ر زوو کارێکی هه‌رچۆنی په‌یدا نه‌کرد، ئه‌وا کاری یه‌ك یۆرۆیی چاوه‌ڕێی ده‌کات [که له به‌رامبه‌ر ٨ کاتژیر کاردا، ٨ یۆرۆ وه‌رده‌گرێت] و خۆ ئه‌گه‌ر مل به‌و فه‌رمانه دێمۆکراتییه‌ی فه‌رمانگه‌ی کار نه‌دات، ئه‌وا تا نزیکه‌ی ٣٠% له کۆمه‌که کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ده‌بڕن! ئایا هیشتاکە نیشتمان و سامانه‌که‌ی هه‌ر موڵك و ماڵی هه‌مووانن؟
حه‌ز ده‌که‌م بزانم ئه‌و دوورگه‌ی (واق واق)ه له کوێیه، که له سایه‌ی دێمۆکراسی بۆرجوازیدا، نیشتمان ماڵی هه‌مووانه؟ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، له هه‌موو ده‌وڵه‌ته تۆپ–دێمۆکراته‌کانی سه‌رمایه‌داریدا ڕووبه‌ڕی کۆشك و ته‌لاری چه‌ند سه‌د ده‌سه‌ڵاتدارێك یه‌کسانه به ڕووبه‌ری سه‌رپه‌نای کرێچییانه‌ی چه‌ند ملیۆن کرێکار و بێکار و لانه‌وازێك! ئایا ئه‌و ئاوه‌ڵێڵه‌ی که ده‌سه‌لاتدارانی گه‌نده‌ڵ و دز و مشه‌خۆری هه‌رێمی کوردستان و عیراق و ئه‌فگانستان قاچی تێوه‌رده‌ده‌ن، سه‌رچه‌شمه‌که‌ی له پارله‌مانه تۆپ–دێمۆراتهکانی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپاوه هه‌ڵناقوڵێت؟
ده‌کرێت بزانین چەند که‌س نه‌ك چه‌ند ملیۆن تاکی بریتانی، ده‌توانن له دانیشتن و گه‌شتی پارکێکی له‌وه‌ی شاژن، به‌هره‌مه‌ند بن؟ مه‌گه‌ر نیشتمان ماڵی هه‌مووان نییه، ده‌کرێت بزانین بۆ له ئه‌مه‌ریکای باکووره‌وه بگره تا یابان، له ئه‌مه‌ریکای باشووره‌وه بگره تا ئوسترالیا و ئه‌فریکا، له ئه‌وروپاوه بگره تا ئاسیا، زۆرینه‌ی هاونیشتمانان ده‌بنه کرێچی ناو نیشتمانه‌که‌ی خۆیان، مه‌گه‌ر که‌س هه‌یه کرێ به خۆی بداته‌وه یا له خۆی بسێنێت؟ ئه‌گه‌ر نیشتمان هی هه‌مووانه بۆ هه‌مووان مافی به‌هره‌مه‌ندییان له پارچه زه‌وییه‌ك وه‌ك سه‌رپه‌نا، وه‌ك شوێنی کار، وه‌ك ئارامگه له گۆڕستان نییه و به مردوویش له خاکی نیشتمانه‌که‌یاندا هه‌ر کرێچی ده‌بن و کرێی گۆڕه‌که‌یان ده‌ده‌ن، ئه‌گینا پاش چه‌ند ساڵ کێل و ناوه‌کانیان لاده‌به‌ن و به‌سه‌ریاندا ده‌یڕووخێنن؟!
ئایا لە ماڵە هەمووانییەکەی نیشتماندا ئاوا گۆڕی زۆرینە بە کرێ دەگیردرێت و پاش چەند ساڵ لەبەر نەبوونی پارە تێکدەدرێنەوە، گۆڕی ڕامیاران و دەوڵەتمەندان و سەرمایەدارەکان و دەستەبژێرە ڕامیار و ڕۆشنبیرەکان پاش چەند ساڵ تێکدەدرێنەوە و گۆڕبه‌گۆڕ ده‌گرێن؟ ئیتر نیشتمان چۆن ماڵی هه‌مووانه، که هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی له‌دایکبوونمانه‌وه تا پاش مردنیش هه‌ر کرێچی و کرێگرته بین و هه‌ر چاوه‌ڕێی به‌زه‌یی سه‌روه‌ران بین؟ ئیشهتمان هی هه‌مووانه یا هی خواکان؟
نیشتمان ته‌نیا پارچه زه‌وییه‌کی جوگرافی نییه، به‌ته‌نها کۆمه‌لێک شاخ‌و ده‌شت‌و دۆڵ‌و نزار نییه، نیشتمان به‌ر له‌هه‌مووشتێک سه‌رزه‌مینێکی سیاسی‌و یاسایی‌و ئه‌خلاقی‌و ئیداری‌و ئینسانییه.شوێنێکه مرۆڤ تیایدا هه‌م ماف‌و هه‌م به‌رپرسیارێتی هه‌یه. ل١٨
لێره‌دا ناچارم ده‌ست به گۆچانه جادووییه‌که‌ی نووسه‌رانه‌وه بگرم و داوایان لێ بکه‌م، هه‌موو (پێشمەرگە) گیانبه‌ختکردووه‌کانی کوردستان، هه‌موو قوربانیانی ئه‌نفاڵ و کیمیاباران زیندوو بکه‌نه‌وه، چونکه به هه‌ڵه خۆیان به‌کوشت داوه، هاوکات گیانبه‌ختکردووان به هه‌ژماری پیته‌کانی ڕاگه‌یاندنی ینک و پ‌د‌ک، حشع، حسک و بالکع و هتر دارکاری نووسه‌رانی وتاره ئاگراوییه‌کان و ویژه‌رانی ئێزگه ڕادیۆییه‌کان بکەن، که خه‌ڵکیان له پێناو داربه‌ڕوو، چیا و دۆڵ و ده‌شت و بان و ته‌پۆڵکه‌کان به‌کوشت دا و کرده گه‌رووی شه‌ڕه‌کانه‌وه. ئینجا چه‌پڵه‌یه‌ك بۆ تیئۆرسیانی بۆرجوازی لێده‌ده‌م و ده‌ڵێم، ئافه‌رین بۆ چۆنیه‌تی له‌خشته‌بردن و شێواندنی چه‌مکی نیشتمان. باشه بۆ چی نیشتمان بۆ ئه‌نگۆی به‌ڕێز پارچه زه‌وی 150– 300 میتری چوارگۆشە بێت و ئه‌و مافه به خۆتان بده‌ن، به‌ڵام بۆ خه‌ڵکی به‌دبه‌خت ته‌نیا ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی (گوێڕایه‌ڵی) بێت؟
سه‌رزه‌مینی ڕامیاریی، ده‌وڵه‌تی بۆرجوازییه و یاساکه‌ش، ئه‌و مافیا و گه‌نده‌ڵگه‌رییه‌یه، که له سایه‌یدا نووسین بووه‌ته کاڵای به‌نگگه‌ری لاوانی ناڕازای و هه‌ر که‌س باشتر بتوانێت لاوان له خشته به‌رێت، پارچه زه‌وی گه‌وره‌تر و نزیکتر له ناوه‌ندی شارەوە وه‌رده‌گرێت!
ئه‌زیزانم، نیشتمان بێجگه له پارچه زه‌وییه‌ك هیچی دیکه نییه، که کۆمه‌لێکی له‌سه‌ر ده‌ژی و بۆ قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات له‌و چوارچێوه جوگرافییه‌دا، سه‌دان هه‌زاران که‌س به کوشت ده‌درێن و دوایش چه‌ند سه‌د که‌سێك بۆ خۆیان و پابه‌نده‌کانیان هه‌ر له پۆلیسه‌وه بگره تا نووسه‌ران، داگیری ده‌که‌ن!
نیشتمان بریتییه له کۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کولتووری‌و سیاسیانه‌ی که تیایاندا هه‌ستکردن به به‌رپرسیارێتی‌و ئازادیی‌و به‌خته‌وه‌ریی تاک‌و گروپه‌کانی کۆمه‌ڵگا پێکه‌وه گرێدرێت ل١٨
ئه‌وه‌ی نووسه‌ران لێیانگۆڕاوه، ئینتیمایه نه‌ك خودی نیشتمان، چونکه نیشتمان واته شوێنی له‌دایکبوون و پانتاییه‌ك که یاداوه‌رییه‌کانی ژیانی به‌سه‌رچووی تێدا ڕووده‌ده‌ن؛ ده‌کرێت نیشتمان گوندێك، مالێك، هه‌وارێك و ته‌نانه‌ت زیندان و ئوردووگه‌یه‌کی په‌نابه‌ریش بێت. به‌ڵام ئه‌و پانتاییه، که مرۆڤ هه‌م ماف و هه‌م ئه‌رکی تێدا هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵن نه‌ك نیشتمان.بۆ نموونه له هزر و تێڕوانینی ناسیونالیستانه‌ی خودی نووسه‌راندا، نیشتمان په‌یوه‌ندی به بوونی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌یه، واته هی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌که، که له‌سه‌ر نیشتمان ده‌ژین و به‌ناوییه‌وه‌یە. ئه‌گه‌ر به تێڕوانینی نووسه‌ران بێت، ئه‌وا ده‌بێت دانیمارك و هۆڵه‌نده و ئاڵمان، نیشتمانی ئه‌م نووسه‌رانه بێت، چونکه هه‌م له‌و ولاتانه‌دا خاوه‌نی ماف و هه‌م ئه‌رك و لێپرسراوه‌تییان له‌سه‌ر شانه. به‌ڵام نه خودی نووسه‌ران ئه‌و وڵاتانه به نیشتمانی خۆیان ده‌زانن و نه ناسیونالیستانی ئه‌و وڵاتانه و ده‌سه‌ڵاته‌کان ئه‌و وڵاتانه به نیشتمانی بیانیانی وه‌ك نووسه‌ران داده‌نێن. به‌مجۆره ده‌بینین، به کرده‌وه‌ش تێڕوانینی نووسه‌ران بۆ نیشتمان نه له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه نه له‌لایه‌ن هاوبیرانیانه‌وه له‌و وڵاتاندا په‌یڕه‌و ناکرێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت کورده‌کانی خۆرهه‌ڵات و باکوور و خۆرئاوای کوردستان، له‌لایه‌ن نووسه‌ران و ده‌سه‌لاتی بۆرجوازی هه‌رێمی کوردستانه‌وه، ئه‌و مافه‌یان پێ ڕه‌وانابینرێت، هه‌ر چه‌نده به کرده‌وه له‌وێ ده‌ژێن و کار ده‌که‌ن و زیندانی ده‌کرێن و ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن نازییه‌کان، ئاڵمان وه‌ك نیشتمان به نووسەران نابه‌خشن!
به‌م جۆره ده‌بینین، له که‌تواردا نیشتمان ته‌نیا بوونێکی هۆشییه و وه‌ك پانتایی یاداوه‌رییه‌کان له ڕابوردوودا ئاماده‌یه و له ئێستادا وه‌ك پارچه زه‌وییه‌ك و سه‌رپه‌نایه‌ك بۆ هه‌مووان ئاماده نییه و به‌ڵکو زۆرجاریش ده‌بێته زیندان بۆ زۆرینه‌ی بێده‌سه‌ڵات. ئەگەر وردەکاری لە واتای نیشتمان بۆ خەڵکی بێبەش و زەحمەتکیش بکەین، ئەوا بێجگە لە ئوردووگەی کاری زۆرەملێ، هیچی دیکه نییە و نابێت!
له‌م نیشتمانه حیزبییه‌دا ته‌نیا ئه‌وانه ئازادن که بێباکانه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو به‌رپرسیارێتی‌و لێپرسینه‌وه‌یه‌ک سامانی نیشتمان تالانده‌که‌ن ل١٨
باشه ئه‌گه‌ر که‌سێك هه‌ستی به به‌خته‌وه‌ری و ئازادی و به‌رپرسیاره‌تی نه‌کرد، ئایا نیشتمانی نییه و به پێوه‌ری نووسەران بستۆێکەیەك زەویشی به‌رناکه‌وێت؟
بێگۆمان وا نییه، چونکه هه‌م عیراق و هه‌م ئێران، که به سه‌رکوتکراوی تیایاندا ژیاوم و هه‌م کوردستان که تیایدا زیندانی کراوم و هه‌م تورکیه که چه‌ند مانگێك به ترس و له‌رزه‌وه تیایدا په‌نابه‌ری نایاسایی بووم، پارچه‌کانی نشتمانی من پێكده‌هێنن، به‌س ته‌نیا ئه‌و به‌شانه‌ی که تیایاندا ژیاوم و یاداوه‌رییان له هۆشی مندا هه‌یه؛ هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و به‌شانه‌ی کوردستان، که یاداوه‌ریم تیایاندا نییه، نابنه نیشتمانم و له‌و نیشتمانه‌دا، که نووسه‌ران باسی ده‌که‌ن، ته‌نیا چانسی ئه‌وه‌م هه‌بووه، له بری هاوینه‌هه‌واره‌کانی کوردستان، ته‌نیا زیندانه‌کانی و گه‌ڕه‌که هه‌ژاره‌کانی ببنه نیشتمانم!
نه‌ك ته‌نیا له “نیشتمانی پارتیی”ی ده‌سه‌لاتدارانی کورستان‌دا، به‌ڵکو له‌و نیشتمانانه‌شدا که نووسه‌ران به هی هه‌مووانیان ده‌زانن، ئازادی ته‌نیا به واتای ئازادی و مافداری ئه‌و باڵنده و ئاژه‌ڵانه دێت، که مرۆڤه دڕنده‌کان له ماڵه‌وه له قه‌فه‌زییان ده‌نێن و پاگه‌نده‌ی خۆشه‌ویستنییان ده‌که‌ن. ئازادیش له ده‌وله‌ته تۆپ–دێمۆکراته‌کانی سه‌رمایه‌داریدا ته‌نیا به واتای ئازادی هه‌رچی بکه‌ی [ئازادی کێ ده‌که‌یته سه‌روه‌ری خۆت، ئازادی ئه‌ندامی کام پارت و ملکه‌چی کام په‌رستگه ده‌بی، له کوێ کرێچی ده‌بی، هێزی کارت به کێ ده‌فرۆشی، چه‌قۆکیشی کێ ده‌بی، کڕیار و فرۆشیاری ژنان بی، باندی مافیایی و ..د بی]، به‌ڵام به‌مه‌رجێك سنووره‌کانی پیرۆزی سه‌روه‌ری چینایه‌تی نه‌به‌زێنی. واته ئازادبوونی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی قه‌فه‌زه‌کانی نه‌ته‌وه و نیشتمان و ئایین و سیکسیزمدا، به‌لام خه‌ونی ده‌رچوون له‌و قه‌فه‌زانه‌دا [ده‌ربازبوون له سنووره‌کانی سه‌روه‌ری] ئێستاش وه‌ك سه‌رده‌مه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی که‌نیسه بڤه‌یه!
ئه‌م نیشتمانه حیزبییه ئه‌خلاقییه‌تێکی بێباکانه‌ی له‌ناو تاک‌و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌رهه‌مهێناوه که خۆشه‌ویستی نیشتمان‌و به‌رپرسیارێتی هاونیشتمانیانه‌ی بچووککردۆته‌وه بۆ هه‌ستی حیزبگه‌رایی‌و ناوجه‌گه‌رایی‌و خێڵگه‌رایی. ل١٩
لەبەرئەوەی نووسەران بەرژەوەندییان لە بوونی پارتدا دەبیننەوە، بۆیە له‌وه ناگه‌ن، که له دونیای هاوچه‌رخدا پارت، خێڵێکی مۆدیرنه و به‌جۆرێکی تر خێڵه‌کیکردنه‌وه‌ی تاکه هه‌ڵهاتووه‌کانی سه‌رده‌می خێڵایه‌تییه. چونکە هه‌روه‌ك ئه‌وەی کە به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارت وەك سەرانی خێڵ له سه‌رووی حه‌زی تاك و ئازادی تاك و به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌یه و سه‌رانی پارت وه‌ك سه‌رانی خێڵ بکوژ و ببڕ هه‌ر خۆیان و ئه‌ندامانی پارت وه‌ك ئه‌ندامانی خێڵ، ده‌بێت گوێرایه‌ڵ و ملکه‌چی فه‌رمانه‌کانی سه‌رووی خۆیان بن و به‌بێ سێ و دوو جێبه‌جێیان بکه‌ن، جیاوازییەك لە نێوان خێڵ و پارتدا نییە. پارت له ئه‌فریکا بێت یا له ئه‌وروپا، له ئاسیا بێت یا له ئه‌مه‌ریکا، ته‌نیا تۆڕی ڕاوکردن و ڕامکردنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه و له‌یه‌کتردابڕین و ده‌رهێنانیانی تاكەکان له بزاڤه ناڕازییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا و کردنیان به نه‌یاری ئایدیۆلۆژی و سکتاریستی و ڕه‌قیبی یه‌کتر ئەرکی پارتە، هه‌روه‌ك چۆن له گه‌ڕکێكدا ئه‌ندامانی خێڵ، وێرای هه‌بوونی ژیان و داخوازییگه‌لێکی هاوبه‌ش، که‌چی هه‌ڵگری ماکی خێڵن و له کاتی پێکدادانی خێله‌کاندا، دراوسێ له‌ته‌ك دراوسێ ده‌بنه دوژمنی یه‌ك، ئاواش ئه‌ندامانی پارت، که به زۆری سه‌ر به چین و توێژی کۆمه‌لایه‌تی بنده‌ستن، له‌ته‌ك کشان و چوونه‌وه‌یه‌کی هه‌وای نێوان پارته‌کان، ده‌بنه دۆست و دوژمنی هاوچین و هاوتوێژ و هاوسێ و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی خێزانه‌کانی خۆشیان.
پاشان له بیرمان نه‌چێت، ناسیونالیزم و ده‌وڵه‌ت پێویستی گیانییان به پارت هه‌یه و بۆرجوازی به‌بێ پارت، لاقی گه‌یشتن به سه‌روه‌ریی ده‌شکێ و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵی بۆ ده‌سته‌مۆ ناکرێن و ناتوانێت له ناوه‌ندی خێزانه‌وه بگره تا گه‌ڕه‌ك و خوێندنگه و فه‌رمانگه و کارگه‌کاندا بیانکات به گژی یه‌کتردا، له سایه‌ی پارتایه‌تیدا سه‌روه‌ران و سه‌رانی پارت و میری پاشایانه له‌سه‌ر ته‌ختی ناهوشیاری و کۆیله‌تی زۆرینه “مێگه‌لی نووسه‌ران” داده‌نیشن.
ئیتر به‌م جۆره پارت کۆنەپارێز بێت یا سۆشیال–دێمۆکرات و کۆمونیست، هیچ له ئامانج و کارکردە پارتییەکەی ناگۆڕێت. وه‌ها گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی پارت، ته‌نیا ئامانجی شاردنه‌وه‌ی پاشه‌ڵی بۆرجوازییانه‌ی سیسته‌می له پشته‌وه وه‌ستاوه و ده‌یانه‌وێت بڵێن، ئه‌گه‌ر ئه‌م پارتانه ڕیفۆرم بکرێن، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ڕیفۆرم بکرێت، ئه‌وا کوردستان ده‌بێته به‌هه‌شتی سه‌رزه‌مین. به‌ڵام هه‌ی هوو، هیشتا له کوێمانه، با وه‌ك وڵاتانی فلیپین و یاپان و کۆریای باشوور و ولاتانی ئه‌وروپای خۆرهه‌لاتی، شاره‌کانمان ببنه ڕابواردنگه‌ی ئه‌فسه‌رانی داگیرگه‌ر و باجی له‌شفرۆشخانه‌کان و کڕین و فرۆشتنی منالانی نه‌دار، ئاڵای سه‌روه‌ری بۆرجوازی بشه‌کێنێته‌وه، ئه‌وسا زۆرێك له خه‌ونبین به به‌هه‌شتی ناسیونالیزمه‌وه ڕاده‌چڵه‌کێن و بیرێك له ڕێزی مرۆییانه‌یان له ده‌ره‌وه‌ی دێوجامه‌کانی بۆرجوازی (نه‌ته‌وه و نیشتمان) ده‌که‌نه‌وه!
ئه‌وانه‌ی له‌ناو ئه‌م چوارچێوه‌و بازنه حیزبییه ته‌سکه‌دا ده‌ژین، به‌شدارن له دابه‌شکردنی سامان‌و ده‌سه‌ڵات‌و بڕیاری سیاسی‌دا، ئه‌وانه‌شی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌دان، په‌راوێزکراوو بێبه‌شن له هه‌موو چه‌شنه به‌شداربوونێک له نه‌خساندنی دواڕۆژی دوارۆژی سیاسی کۆمه‌ڵگادا ل١٩
نووسه‌ران ڕه‌خنه له ڕاده و چۆنییه‌تی به‌شداری هه‌مووانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه له سایه‌ی جووتپارت ده‌سه‌ڵاتیدا ده‌گرن و خوازیاری به‌شداری ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن. لێره‌دا ڕۆشن نییه، ئه‌وانی دیکه کێن؛ هه‌مووانێك که خاوه‌نی نیشتمانی هه‌مووانین یا ده‌سته‌یه‌کی تر؟ هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌وه‌ی، که ئه‌وان له ناوه‌ڕا خوازیاری ڕیفۆرمی هه‌مان سیسته‌من، له پشت ئه‌م ڕوانگه‌وه خۆشباوه‌ڕی به بوونی وه‌ها نیشتمانێك و به‌شداری هه‌مووانی له سیسته‌می هه‌نووکه‌یی جیهانیدا به‌گشتی و له‌م ناوچه‌دا به‌تایبه‌تی، چاوشارکێ دەکات. ئایا له سیسته‌می دێمۆکراتی پارله‌مانیدا بوار بۆ به‌شداری هه‌مووان وه‌ك نووسه‌ران پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن و ده‌خوازن “له دابه‌شکردنی سامان و ده‌سه‌ڵات و بڕیاری ڕامیاریدا“، له هیچ دوورگه‌یه‌کی واق واقی سه‌رمایه‌داریدا بوونی هه‌بووه و هه‌یه و دەبێت، تاوه‌کو ده‌سته‌بژێری ڕۆشنبیرانی ورده‌بۆرجوازی له پاسه‌وانانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی له ناوچه‌که‌دا (ینک و پ‌د‌ک) داوای بکەن؟
ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌شانه‌ی مانیفێسته‌که‌ی نووسه‌ران بخوێنێته‌وه، زۆر به ئاشکرا واتای پشتپه‌رده‌یی واژه‌گه‌لی وه‌ك “هه‌مووان” و “ئه‌وانی تری ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پارته‌کان“ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت. هه‌مووانێك یا ئه‌وانی دیکه که له ده‌سته‌واژه‌کانی نووسه‌راندا مه‌به‌ستن، پاڵه و ڕه‌نجده‌ری هه‌رێمی کوردستان نین، کرێکاران و بێکاران نین، به‌کورتی مه‌به‌ست له زۆرینه‌ی هه‌ژاران نییه، به‌ڵکو ده‌سته‌بژێری هه‌مووانێکی که‌مایه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازه، هه‌مووان ته‌نیا مه‌به‌ستییان خۆیانن، ئه‌گینا هه‌موومان ده‌زانن، که ئه‌وان خوازیاری ده‌سه‌ڵاتدارێتی گشتی به واتای له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رووخه‌ڵکیی ده‌سته‌بژێر (چ ده‌سته‌بژێری ڕامکار و چ ده‌سته‌بژێری نۆکه‌ره–ڕۆشنبیری ڕامکاران) نین، به‌ڵکو مه‌به‌ستیان ده‌سه‌ڵاتی هه‌مووانی ده‌سه‌ڵاتخوازانه، ئه‌وانه‌ی که خۆیان به شوان و ڕێنماییگه‌ر و پارێزه‌ری زۆرینه‌ی “مێگه‌ل” ده‌زانن.
ئه‌گه‌ر شتێك به‌نێوی خه‌ون و ئه‌فسانه بوونی هه‌بێت، ئه‌وا به‌شداری هه‌مووانییه له دابه‌شکردنی سامان و ده‌سه‌لات و و بڕیاره ڕامیارییه‌کاندا له سایه‌ی سه‌روه‌ری چینایه‌تیدا، ئیتر ئه‌و سه‌روه‌رییه چینایه‌تییه له‌سه‌ر مۆدێلی دێمۆکراتی نوێنه‌رایه‌تی (پارله‌مانی) بێت یا له‌سه‌ر مۆدێلی نوێنه‌رایه‌تی دیکتاتۆری پرۆلیتارایی پارته کۆمونیسته‌کان بێت، هیچ له‌وه ناگۆرێت، که که‌سانێك یا ده‌سته‌بژێرێکی ڕامکار خۆی له بری هه‌مووان ده‌کاته نوێنه‌ر و به نێوی هه‌مووانه‌وه بڕیاری جه‌نگه‌کان و کوشتوبڕی هه‌مان هه‌مووان یا هه‌مووانی، وه‌ك ئه‌رکی پیرۆز و زانایانه‌ی خۆی له به‌رامبه‌ر زۆرینه‌یه‌دا، که به نه‌زان و که‌متر له‌وه‌یان ده‌بینێت، که بتوانن ژیان و کۆمه‌ڵگه‌کانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، دەدات!
ئه‌گه‌ر نووسه‌ران بڕوایان به به‌شداری هه‌مووان له ڕێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌وه هه‌یه، له کوردستاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه، ینک و پ‌د‌ک و پارته کلکه‌کانیان، به زۆرینه‌ی ده‌نگی هه‌مووان، سامان دابه‌شده‌که‌ن و ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشنه‌وه و بەنێوی هەمووانەوە بڕیاری ڕامیاریی و ته‌نانه‌ت سه‌رکوتی خودی هه‌مووان ده‌که‌ن!
مه‌گه‌ر له‌سه‌ر مۆدیلی دێمۆکراتی ناڕاسته‌وخۆ (پارله‌مانی) خودی نووسه‌ران نییە، کە هه‌مووان به هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ر بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ، بڕیار و داخوازی و خه‌ونه‌کانیان به کۆمه‌ڵێکی ده‌سته‌بژێر دەسپێرن و دوای چوار ساڵی تر، ئینجا هه‌ڵبژێرانی ده‌سه‌لاتداران مافی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌یان له نوێنه‌ره‌کانیان هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر ئه‌م مۆدێله بۆ نووسه‌ران ڕه‌خنه‌ی تێدا نه‌بێت، ئه‌وا به‌ره‌نجامه‌کانیشی شیاوی ملپێدانن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ڵه بن، که‌واته ده‌بێت پرسیار ئاراسته‌ی خودی بنه‌ماکانی ئه‌و مۆدێله له دێمۆکراسی بکرێت، که کۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر دوو ده‌سته‌ی زۆرینه‌ی “مێگه‌ل” و که‌مینه‌ی “شوان“دا دابه‌ش ده‌کات!
ئه‌وه سروشتی نییه، که ینک و پ‌د‌ک سروشتێکی سه‌روو– خه‌ڵکی ناوازه‌یان هه‌بێت و پێتوابێت پێچه‌وانه‌ی گشتێتی میکانیزمه‌کانی سیسته‌مه جیهانییه‌که په‌لده‌هاوێن، ئەمە لە سیستەمی نوێنەرایەتیدا ناوازە نییە، بەڵکو سروشتییە و بەڵگەی هاوئاراسته‌بوونی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانه وه‌ك کلک و پۆی کۆمپانی و ناوه‌نده جیهانییه‌کانی سه‌رمایه، که میکانیزمه‌کانی سیسته‌مه‌که ئاراسته‌یان ده‌کا و ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی په‌لبهاوێن، ئه‌وا له چاوتروکانێکدا بۆ ناوزبڵدانی یه‌که له‌که‌ڵکه‌وتووه‌کانی خۆی فڕیان ده‌دات!
ئه‌وه‌ی خوازیاری ئاڵوگۆڕ له‌و سیسته‌م و ڕیزبه‌دنییه‌دا بێت، پێویسته له ده‌ره‌وه‌ی خولگه‌کانی سیسته‌مه‌که بۆ کایه‌ی جیاواز بگه‌رێت، که میکانیزمه‌کانی کارکردی کارگێڕیی و دابه‌شکردن و بڕیاردان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌گشتی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستای هه‌یه و ده‌بزوێن و کارده‌که‌ن، واته میکانیزمگه‌لێك که له بری بیرۆکراسی دروستکردن، دێمۆکراتیزه (له خواره‌وه‌ڕا، له‌سه‌ر بنه‌مای دێمۆکراسی ڕاسته‌وخۆ) ده‌کات و له بری جێگیرکردنی ڕامیاریی شوان و مێگه‌ل، به‌شداری هه‌مووانی به ڕه‌خساندن و چالاکردنه‌وه‌ی گیانی خۆبیرکردنه‌وه و خۆبڕیاردان و خۆجێبه‌جێکردن و خۆبه‌رێوه‌به‌رایه‌تی له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدا زیندوو ده‌کاته‌وه و بنه‌ماکانی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری مه‌یسه‌ر ده‌کات.
٢– نیشتمان له ماڵی پارته‌وه بۆ ماڵی هه‌مووان ل١٨
Be the first to comment.