هه‌ڵه‌بجه و 88
هه‌ژێن
13ی ئایاری 2010
ئه‌مڕۆ یادی ٢٣ ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ١٩٨٧ بوو و وه‌ك هه‌موو ساڵێك که‌وتمه‌وه یادی ئه‌و هاوپۆڵ و هاوه‌ڵ و هاوڕێیانه‌ی که له‌و ڕۆژانه‌دا سه‌رقاڵی کار و خه‌بات بووین. هه‌روا وه‌ك هه‌موو ساڵێك که‌وتمه گه‌ڕان به‌ناو ئینته‌رنێتدا، به‌و هیوایه‌ی یاداوه‌ری یا نامه‌یه‌کی هاوپۆلانی ئه‌و ده‌مه یا هاوخه‌باتانی ئه‌و ڕۆژگاره له‌مه‌ڕ ڕاپه‌ڕینه‌که‌م به‌رچاو بکه‌وێت. داخه‌که‌م ئه‌و خۆزگه‌یه‌م وه‌ك ساڵانی ڕابوردوو ناکام مایه‌وه و له‌بری ئه‌وه کۆمه‌ڵێك بابه‌ت و وتوێژم به‌رچاوکه‌وتن، که باس له‌وه ده‌که‌ن، له‌و ڕۆژانه‌دا ڕێکخستنه نهێنییه‌کانی ناو شار له‌و خۆپیشاندانه‌دا چالاك بوون. له شوێنی خۆیدا له‌و باره‌وه قسه و یاداوه‌ری خۆمم له‌سه‌ر ئه‌و راپه‌ڕینه له یادی ١٣ ساڵه‌یدا له ژماره یه‌کی گۆڤاری فه‌رهه‌نگی– کۆمه‌ڵایه‌تی دالیان ل٢٨دا له‌ژێر سه‌ردێڕی «چه‌خماخه‌ی شۆڕشی به‌رد»١ و هه‌روه‌ها له یادی ٢١ ساڵه‌یدا وتارێكم له‌ژێر سه‌ردێڕی «ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ی هه‌ڵه‌بجه و مێژوویه‌کی به ئه‌نقه‌ست له‌بیرکراو»٢ وتارێکی ترم وه‌ك به‌شێك له زنجیره یاداوه‌رییه‌کانی گەشتی دووەم بۆ کوردستان له‌ژێر سەردێڕی گەشتێك بۆ بیرەوەریستان/ هەلەبجە نووسیوه و له‌و باره‌وه قسه‌ی خۆمم کردووه و وه‌ڵامی ئه‌و که‌سانه‌م داوه‌ته‌وه، که ده‌خوازن مێژووی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه بشێوێنن و بیکه‌نه که‌شکۆڵی پڕ تاوانی ئه‌و پارتانه‌وه که له‌و ڕۆژگاره‌دا دژی ڕاپه‌ڕینه‌که بوون و ئاماده‌ی هاوکاری جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوه‌ی هه‌له‌بجه نه‌بوون، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵکو وانه‌یان له‌و ڕاپه‌ڕینه وه‌رنه‌گرت و نه‌یانتوانی بیکه‌نه سه‌رمه‌شقی شێوازێکی نوێ له خه‌بات بۆ ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری و به‌رده‌وام، به‌ڵکو بوونه به‌رله‌شکری سوپای پاسداران و چه‌خماخه‌ی شۆڕشی جه‌ماوه‌رییان خامۆش کرد و زه‌مینه‌یان بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی چه‌که کۆمه‌ڵکوژه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی دیکتاتۆره‌که‌ی عروبه که ساڵێك له‌وه‌به‌ر گه‌ڕه‌کێکی گه‌وره و شۆرشگێڕی ئه‌و شاره‌ی وێران کردبوو، له‌بار کرد.
بابه‌تێکی تر که زۆرتر سه‌رنجی ڕاکێشام و بووه هه‌وێنی ئه‌م چه‌ند دێره، پاگەندەی ده‌رهێنانی فێلمێکه (نه‌ك فلیمێك وه‌ك زۆرێك له نووسه‌رانی کوردی باشوور ده‌نووسن) به‌نێوی (88) له‌سه‌ر کیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه. سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بڵێم که وشه‌ی هه‌ڵه‌بجه له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یدا هێنده ناسراوه، که بۆ زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه وه‌ك هێرۆشیما و ناکازاکی یابان و گێرنیکای ئیسپانیا ناسراوه و هیچ پێویستی به کۆد و پێناسه نییه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ژماره یا کۆدی (88) مه‌به‌ست له ساڵی ١٩٨٨ بێت، ئه‌وا دیسانه‌وه نه‌زانییه‌کی زۆری پێوه دیاره و له دونیای ڕۆژئاوادا که به‌نیازین سه‌رنجیان راکێشین، ساڵ وا نانووسرێت و ژماره (88) کۆده بۆ ناشرینترین دیارده‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م و هه‌ڵگیرسێنه‌ری پۊڕکارهساتترین جه‌نگی جیهانی!
(88)، ژماره (8) هێمایه بۆ پیتی هه‌شته‌می ئه‌لفابێتی ئاڵمانی و زمانه ڕێنووس لاتینییه‌کان، که پیتی (H)یه و دووباره‌ی ده‌کاته دروشمی نیئۆنازییه‌کان که (88) و ده‌کاته سڵاو هیتله‌ر یا سڵاو له هیتله‌ر (Heil Hittler)، که هێما و کۆدی هه‌ر دژه مرۆڤێکی نازییه له ئه‌مه‌ریکای باکووره‌وه تا کوردستان، که خه‌ریکه لەوێش ناسیونالیزمی کوردیش به‌ره‌و باوانی نازیزم ملده‌نێت. چه‌ند جار چاپدانه‌وه‌ی په‌رتووکه یاساخه‌که‌ی هیتله‌ر له کوردستان و نووسین و کێشانی هێمای خاچی شکاو- الصليب المعقوف (The swastika ) له‌سه‌ر دیواران، هێمایه‌كن بۆ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه و به‌رای من ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه، که « ناسیونالیزمی گه‌شه‌کردوو، سه‌ری له شۆڤێنیزم و نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌شه‌کردوو، سه‌ری له راسیزمه‌وه ده‌رده‌چێت»!
پرسیار ئه‌وه‌یه چی وا له ده‌رهێنه‌ری ئه‌و فیلمه ده‌کات، هه‌ڵه‌بجه، که سیمبوله بۆ کیمیاباران و سیمبول بۆ ڕاپه‌ڕین، شێوازێکی نوێ له خه‌بات لە کوردستان لەو کاتەدا، که پشت‌کردن بوو له بزاڤی چه‌کداری و سهنگهربهستنی سه‌رشه‌قامه‌کان، لەبری ناوی خودی ئەو شارە، ده‌سته‌وداوێنی ژماره‌یه‌کی بێپاشبنهما له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا و بەههڵهی ناوبرنی ساڵی کاره‌ساتێك. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که بۆ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌وانه‌ی که یاداوه‌ر و خه‌مخۆری ئه‌و شاره‌ن و له بیره‌وه‌ری مرۆڤایه‌تیدا ڕێکه‌وتی ١٦ی ئازار فره‌تر واتا به‌خشه تا ساڵی ١٩٨٨.
لێره‌دا به مافی خۆمی دەزانم، وه‌ك قوربانییه‌کی کیمیاباران و وه‌ك دانیشتوویه‌کی ئه‌و شاره له‌و ڕۆژه‌دا که زۆرێك له هاوپۆل و هاوکۆڵان و هاوگه‌ڕه‌ك و هاوشاری و هاوه‌ڵان و خزمان و ئازیزان و ته‌نانه‌ت نووسین و یاداوه‌رییه‌کانم گیانیان له‌ده‌ست داوه، له ده‌رهێنه‌ر بپرسم، چی هانیدای بۆ بەکاربردنی هێمایه‌ك، که هێمایه بۆ (هیتله‌ری ئاڵمانی) براگه‌وره‌ی دیکتاتۆره‌که‌ی عروبه؟ ئایا له نه‌زانییه‌وه‌یه یا له زانینهوهیە و به‌مه‌به‌سته‌وه ئه‌م هێمایه به‌کار ده‌هێنێت و ئاگایه که هێماش ده‌بێت بۆ هیتله‌ره داهاتووه‌کانی کوردستان؟!
هاوکاتی چاوه‌ڕوانیم بۆ وه‌لام یا پێداچوونه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر به ناوی به‌رهه‌مه‌که‌یدا، چاوه‌ڕوانی له خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و نووسه‌رانی ئازادیخواز هه‌یه، که له‌م باره‌وه هه‌ڵوێست وه‌ربگرن.
یادی گیانبه‌ختکردووانی ڕاپه‌ڕینی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ و ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ و ١٦ی ئازاری ٢٠٠٦ شاد و به‌ڕێز
ڕسوایی بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان کرده دیاری بۆ ده‌وڵه‌تی خواکانی ئێران و تاقیگه‌ی چه‌که کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی دیکتاتۆره‌که‌ی ڕژێمی بۆرژوازی به‌عس و هاوکارانی و هاوبیرانی
١. http://issuu.com/jilemo-dalian/docs/d1
٢. http://klawrojna.com/index.php?option=com_content&view=article&id=13770&catid=15&Itemid=32
٣. http://klawrojna.com/index.php?option=com_content&view=article&id=14023&catid=20&Itemid=36
Be the first to comment.