ئه‌زموونێك له دوێنێ و وانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وڕۆ
هه‌ژێن
27.03.2010
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت، پێیهه‌ستم، ئه‌نجامدانی ئه‌رکێکی سه‌رشانمه که ده‌بوو له ساڵانی ڕابوردوودا (1998 – 2009) پێیهه‌ستم و له فه‌وتان و له‌بیرچوونه‌وه ڕزگاری بکه‌م. بیست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی عیراق– ئێران و له گه‌رمه‌ی پیاده‌کردنی قۆناخی دووه‌می وێرانکردنی گونده‌کانی کوردستاندا، له گه‌رمه‌ی تۆپبارانه هه‌رڕۆژه‌ییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا بۆ سه‌ر شاری هه‌له‌بجه، ئێمه خوێندکارانی ئه‌و کاتی ئاماده‌یی هه‌له‌بجه‌ی کوڕان، وه‌ك بزاڤێکی سه‌ربه‌خۆی خوێندکاران دژی یه‌کێتییه سه‌پاوه‌که‌ی به‌عس “الاتحاد الطلبة والشبیبة العراق”، که ئه‌و ڕۆژانه (پاش نیوه‌ی ساڵی 1987) خه‌ریکی سیناریۆی خۆهه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنی که‌سانێك بوون به‌نێوی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی خوێندکاران. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له هه‌ر خوێندنگه‌یه‌ك چه‌ند که‌سێك که پێشتر ژێربه‌ژێر ئه‌ندامی یه‌کێتییه سه‌پاوه‌که‌ی ڕژێمی به‌عس بوون، خۆیان کاندید کردبوو.
له‌ته‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، له‌نێو خوێندکاراندا بوو به مقۆمقۆ و که‌سانێك که پێشتر به هاوهڵیتی و ناسیاوی متمانه‌مان به‌یه‌کتر زۆر بوو، بڕیاری به‌شدارینه‌کردن و ده‌نگنه‌دانمان دا و که‌وتینه پاگه‌نده دژی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ڕژێم. له‌و هه‌ڵسوراوانه‌ی که فره‌تر هاوه‌ڵێتی خوێندکاری به‌یه‌که‌وه گرێیدابووین و هه‌ر که‌سه‌و لایه‌نگری بۆ لایه‌نێکی ئۆپۆزسیۆن هه‌بوو یا بێلایه‌ن بوو؛ که‌سانی ئهتاهیستمان تێدابوون، هاوکات که‌سانی ئایینداریش، که‌سانی ناسیونالیست و که‌سانی خۆبهسۆیالیستزان، هه‌موومان دوو شت کۆی ده‌کردینه‌وه: یه‌که‌م خوێندکاربوون و داخوازییه هاوبه‌شه‌کانمان. دووه‌م، دژایه‌تی ڕژێمی دیکتاتۆر و داگیرکه‌ر. له‌وانه‌ی که چالاکانه کۆششیان بۆ بایکۆتکردنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه کرد: کامه‌ران عه‌لی شمعه، شادمان مورادخان، شیرکۆ زه‌رده‌هاڵی، نه‌وزاد دهلهمهڕی، ئه‌یوب، نه‌هرۆ باوه‌کۆچه‌کی، من و…تد به‌داخه‌وه ناوی زۆرێك له‌و ئازیزانه‌م له‌بیر نه‌ماوه و ته‌نانه‌ت ناچاریش بووم، که له بری نێوی سیانییان، نێوی گوند ناوچه‌کانیان بنووسم.
هاوکاتی زیادبوونی ده‌نگۆی هه‌ڵبژاردنه‌که، که له‌سه‌ره‌تاوه وه‌ك پاگه‌نده‌یه‌ك له‌به‌رچاومان ده‌گرت، هه‌وڵی ئێمه‌ش چڕتر ده‌بووه‌وه و نێوی که‌سانێك که تا ئه‌وکات ژێره‌کی له ڕیزه‌کانی یه‌کێتییه سه‌پاوه‌که‌ی به‌عسدا کاریان ده‌کرد، ئاشکراتر ده‌بوو، له‌وانه نێوی دوو که‌سیانم له‌بیر ماوه: (دڵشاد عارف بیاره‌یی، سه‌ردار هاواری) بوون – به داوای لێبوردنه‌وه، دیسانه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نێوی سیانییانم له‌بیر نه‌ماوه، ناچار بووم نێوی گونده‌کانیان بۆ ناسینیان بکه‌مه پاشگری نێوه‌کانیان، هیچ مه‌به‌ستێکی ناوچه‌گه‌ری و ئایینگه‌ری له‌پشت ئه‌م ناوهێناناوه نییه-. ئه‌وان به‌ناو خوێندکاراندا ده‌گه‌ڕان و داوای دهنگپێدانیان ده‌کرد.
هه‌رچه‌نده ئامانجی ڕژێم له‌م سیناریۆیه، جه‌ماوه‌ریکردنه‌وه‌ی یه‌کێتییه‌که‌ی بوو به‌هۆی ڕاکێشانی که‌سانێك بۆ ناولیستهکهی و هاوکاتیش دیاریکردنی که‌سانی ئۆپۆزسیۆن. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌بوو بۆ سه‌ر ئێمه. به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه نه‌یتوانی نه ئێمه و نه که‌سانی تری بێلایه‌ن و خوێندکارانی تر، ناچار به ملدان به‌و سیناریۆیه بکات و کهسانێكمان باجی ئه‌م ڕاوه‌ستانه‌وه‌یان دا.
تا ده‌هات ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و ڕسوابوونی کاندیده‌کانی ڕژێم فراوانتر و ئاشکراتر ده‌بوو. واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که نزیکبووه‌وه و بێجگه له چه‌ند که‌سێك، که‌س ئاماده نه‌بوو خۆی کاندید بکات. ئه‌مه‌ش ڕێکخراوی پارتی به‌عس (المنظمة)ی ناچار کرد، که به‌خۆیان بێن و به‌زۆره‌ملێ خوێندکاران ده‌ستنیشان بکه‌ن. چه‌ند ڕۆژ پێش هه‌ڵبژاردنه‌که – هه‌رچه‌نده له‌به‌ر دوو هۆ ڕۆژه‌که دیاری نه‌کرابوو: یه‌که‌م نه‌بوونی ژماره‌یه‌کی پێویست له کاندید بۆ به‌رپاکردنی سیناریۆکه و دووه‌م، له‌ترسی نه‌هاتنی خوێندکاران له‌و ڕۆژه‌دا، چه‌ند که‌سێك له ڕێکخراوی پارتی به‌عس– پۆلی هه‌له‌بجه هاتن، له‌وانه که زۆر ناسراوبوو و هاکاتیش له ناوه‌ندی مه‌وله‌وی کوڕان مامۆستا بوو، مامۆستا خوزه‌یر بوو. ئێمه له گه‌رمه‌ی وانه‌دا بووین و به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌که‌مان له‌ته‌ك پیاوه‌کانی ڕێکخراو هاتنه ژووره‌وه. به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌مان ترسێکی زۆر له ڕوخساری نیشتبوو، چونکه ئه‌و پۆله‌ی ئێمه دیار بوو و زۆرجار به ئاکرا مشتومڕی ڕامیاریمان ده‌کرد یا له‌مه‌ڕ مێژووی نووسراوه و که‌تواریی ئایینه‌کان قسه‌وباسمان ده‌کرد. پاش کورته‌یه‌ك له‌مه‌ڕ یه‌کێتییه سه‌پاوه‌که‌ی به‌عس و پێویستبوونی بۆ خوێندکاران و ئامانجه‌کانی، مامۆستا خوزه‌یر پرسی “کێ خوازیاره خۆی کاندید بکات؟”. که‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. جارێکی تر هه‌مان پرسیاری کرده‌وه و وتی “ ئێمه پێمانخۆشه خۆتان ئاره‌زوومه‌ندانه خۆتان کاندید بکه‌ن، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام نه‌ده‌نه‌وه و هاوکاریمان نه‌که‌ن، ناچار ده‌بین خۆمان چه‌ند که‌سێکتان لێ دیاری بکه‌ین!“ دووباره که‌س ئاماده نه‌بوو. ئه‌وجار که‌وتنه هه‌ڕه‌شه و وتیان “ئه‌وه‌ی ئاماده نه‌بێت، ئه‌وا له خوێندن ده‌ری ده‌که‌ین و خۆی له چاره‌نووسی به‌رپرسیاره!“ دیسانه‌وه که‌س ئاماده نه‌بوو.
هه‌ڵویستی یه‌کگرتووی ئێمه، زۆر نائاسوودهیکردن و که‌وتنه سووکایه‌تیپێکردن و ترساندمان. ئه‌وه‌ش سوودی نه‌بوو، بۆیه که‌وتنه په‌نجه ڕاکێشان بۆ خوێندکاران و به‌زۆری کاندیدکردنیان. ئه‌مه‌ش هه‌ر سوودی نه‌بوو. چونکه زۆربه وتیان نایکه‌ین و هه‌ر که‌سه پاسا و هۆیه‌کی دیپلۆماسیانه‌ی بۆ ئاماده‌نه‌بوونه‌که‌ی هێنایه‌وه. به‌ڵام بۆ ئه‌وان پاساوه‌کان په‌سه‌ند نه‌بوون و که‌وتنه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردن و گرتن. یه‌کێك له‌و که‌سانه‌ی که به‌زۆر ده‌ستنیشانکران، ناوی نه‌هرۆ بوو (به‌داخه‌وه ناوی سیانیم له‌بیر نه‌ماوه، ئه‌وه‌نده‌ی بزانم خه‌ڵکی باوهکۆچهك بوو)، وتی من ئاماده نیم و نایکه‌م. پیاوه‌کانی ڕژێم هاوارییان به‌سه‌ریدا کرد و وتیان “هه‌سته سه‌رپێی و بزانین بۆ ئاماده نیت؟” له وه‌ڵامدا نه‌هرۆ وتی “نایکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نایکه‌م!“ وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌وانی توڕه‌کردن، چونکه هه‌مووانی خسته پێکه‌نین و هاوکاتیش گاڵته‌پێکردن بوو به پیاوه‌کانی ڕژێم.
به‌مجۆره هیچیان هه‌ڵنه‌کڕان و به‌ده‌م هه‌ڕه‌شه‌کردنه‌وه له پۆله‌که‌مان ده‌رچوون. هه‌مان ڕۆژ بۆمان ده‌رکه‌وت، که به بڕیاری ڕێکخراوی به‌عس، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاماده‌یی هه‌ڵه‌بجه ناچار کراوه، نه‌هرۆ و ئه‌وانیتر له خوێندن بێبه‌ش بکات یا بۆ خوێندنه‌گه‌ی تر بیانگوێزێته‌وه، له‌وانه نه‌هرۆ نێردرا بۆ (په‌یمانگه‌ی ئیسلامی هه‌ڵه‌بجه). به‌ڵام ئه‌مه‌ش دادی ڕژێم و کاندیده‌کانی نه‌دا و بڕیارمان دا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك بایکۆتکردنه به‌رینه پێشه‌وه. چه‌ند ڕۆژ دواتر، له کاتێکدا وه‌ك هه‌موو ڕۆژێك بۆ پشووی پاش وانه‌ی یه‌که‌م، ویستمان به‌ره‌و هه‌وشه‌ی خوێندندگهکه بڕۆینه ده‌ره‌وه، دیتمان چه‌ند چه‌کدارێکی سوپای گه‌لی (الجیش الشعبی) ده‌رگه‌کانیان داخستوون و چه‌که‌کانیان کردووه‌ته خوێندکاران و ناهێڵن، که‌س بچێته ده‌ره‌وه. یه‌کسه‌ر زانیمان له‌به‌ر چییه و به په‌له که‌وتینه ناو خوێندکاره‌کان، به‌تایبه‌ت هاوپۆله‌کانی خۆمان و پێمان وتن بچنه ئه‌و پۆلانه‌ی که ڕاکێشکراون و ده‌نگیان داوه و خۆتان به‌وان تێکه‌ڵ بکه‌ن و ئێمه چووینه پۆلی شه‌شه‌می ئه‌ده‌بی، که ڕێك به‌رامبه‌ر پۆله‌که‌ی ئێمه بوو. به‌وجۆره پیلانه‌که‌مان پوچه‌ڵکرده‌وه و زۆرێك به‌وجۆره خۆیان دزییه‌وه و به‌شداری ده‌نگدانمان نه‌کرد.
ڕاسته ڕژێم توانی به زۆری چه‌ك و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردن له خوێندن، که‌سانێکی ناچار به ده‌نگدان کرد، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش که‌سانێکی زۆر به‌شدارییان نه‌کرد و پاش هه‌ڵبژاردنیش ههڵبژڕدراوهکان ته‌نیا ناوبوون و هیچ ڕۆڵ و کاراییان نه‌بوو و که‌سیش به‌هه‌ندی وه‌رنه‌ده‌گرتن و وه‌ك سیخوڕ له‌ناو خویندکاراندا چاویان لێده‌کرا.
ئه‌مه‌ی لای سه‌ره‌وه کۆمه‌لێك بیره‌وه‌ری منن وه‌ك هه‌ڵسوراوێکی ئه‌و ده‌مه، که چالاکانه له‌و بایکۆتکردنه و قسه‌وباسه‌کاندا به‌شداریم کردووه، له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌وڵه سه‌ربه‌خۆییه‌ی خوێندکاران، که ڕێکخه‌ریی هیچ پارت و ڕێکخراوێکی رامیاریی نه‌بوو. بایکۆتی یه‌کێتییه پاشکۆکه‌ی به‌عس که بۆ ده‌سته‌مۆکردنی خوێندکاران – هه‌ر وه‌ك ئه‌و ڕێکخراوه پاشکۆیانه‌ی که له‌پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه له نێو خوێندکاراندا ڕۆڵی سیخوڕی پارته‌کان و ده‌سه‌لات ده‌گێڕن– سه‌ریهه‌ڵدابوو، سه‌ره‌تا و چه‌خماخه‌ی ڕاپه‌ڕێنێك بوو، که پاشتر له ئایاری 1987دا بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی خسته نێوان ده‌سه‌لاتی ناهاوسه‌نگی به‌عس و جه‌ماوه‌ر و به خاپوورکردنی گه‌ڕه‌کێکی گه‌وره‌ی ئه‌م شاره و زینده‌به‌چاڵکردنی زیاتر له 76 بریندار و ئاواره‌بوونی هه‌زاران که‌س کۆتایی هات.
ئه‌و ڕۆژانه شاری هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا له‌ژێر فشاری ده‌زگه سیخوڕی و داپڵۆسێنه‌ره‌کانی ڕژێمی به‌عسدا نه‌بوو، به‌ڵکو ڕامیاران و تێکۆشه‌ران که‌وتبوونه ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چهکدارگهلێکی خۆفرۆش که به‌هۆی نه‌خشه و پیلانی دوولایه‌نه‌ی ڕژێمی به‌عس و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان له قه‌واره‌ی فه‌وج خهفیخه و فورسان سه‌لاحه‌دین و هیتردا سه‌ریان هه‌ڵدابوو. به دیاریکراوی له‌و ڕۆژانه‌دا یه‌کیتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عیراق، له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتردا لایه‌نگرانی خۆیان بۆ پێكهێنانی فه‌وجی خه‌فیفه – که ڕژێمی به‌عس بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی گیانی خێڵه‌کی خێڵ و تیره‌کانی جاف دروستی ده‌کردن– هانده‌دا و بۆ دانیشتوانی شاری هه‌ڵه‌بجه لایه‌نگری و شوناسی ئه‌و سهرۆكجاشانه ئاشکرابوو.
دوا وته، ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه بیره‌وه‌ری بیست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره و به‌دڵنیاییه‌وه زۆر شت و نێوی زۆر که‌سم له‌بیرکردووه. هه‌ر بۆیه داوای لێبوردن له هاوپۆل و هاوه‌ڵانی ئه‌وده‌م ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر نێویانم به‌هه‌ڵه یا ناته‌واو نووسێبێت. چونکه ئه‌م ڕۆژانه له‌ژێر پاشکاراییه‌کانی کیمابارانی 1988دا ده‌ژیم و وه‌ك هه‌ر بریندارێکی ئه‌و شاره وێرای ئازاری به‌رده‌وام و دهروونفشاردهر و بێچاره‌سه‌ر، به به‌رده‌وامی وێنه و یاداوه‌رییه‌کانی کاره‌ساته‌کانی پاش ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ئایاری 1987 و کیمیابارانه‌که‌ی ئازاری 1988 ئازارم ده‌ده‌ن و زۆرجار نائومیدی تا لێواری گۆڕ ڕاکێشم ده‌کات. هه‌ر ئه‌و باره جه‌سته‌یی و ده‌روونییه، ناچاری کردم وا به په‌له و نیوه‌وناچڵ ئه‌م ساڵ بکه‌ومه خۆم و ئه‌م بیره‌وه‌رییه بخه‌مه سه‌ر په‌ره‌یه‌ك و له فه‌وتان یا شێواندن ڕزگاری بکه‌م.
ئه‌گه‌ر خوێنه‌رانی هیژا سه‌رنج بده‌ن، ده‌بینن ئه‌و بزاڤانه‌ی که سه‌ربه‌خۆ و جه‌ماوه‌ری گشتی بوون، یا له‌بیرکراون یا هه‌وڵی شێواندنیان دراوه، له‌وانه‌ش ڕاپه‌ڕینی ئایاری 1987 که له ڕۆژگاره‌دا گه‌وره‌ترین و سه‌خترین ڕاپه‌ڕین بوو، ڕاپه‌ڕێنێك که سه‌ربازانی هێنراوی ئوردنی ناچار به تهقهڕاگرتن و ملدان به یه‌کێتی سوپا و گه‌ل کرد و چه‌کداره کورده خۆفرۆشهکانیشی ناچار به سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه بۆ به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ر کرد و زۆرێکیان ناچاربوون له‌ته‌ك هه‌ڵسوراوانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا ڕوو بکه‌نه ناوچه ئازاده‌کانی ده‌وروبه‌ری شار و واوه‌تریش له‌ته‌ك ئاواره‌کان به‌ره‌و ئێران بڕۆن.
هیوادارم به‌م سه‌ره‌تایه و به‌م گێڕانه‌وه کورته، هاوپۆل و هاوه‌ڵه‌کانی ئه‌وسام هاندابن، که پێنووسه‌کانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ و ئه‌م تاقه ئه‌زموونه سه‌ربه‌خۆییه‌ی خوێندکاران له فه‌وتان و فه‌رامۆشی ڕزگار بکه‌ن و ئه‌و شتانه‌ی که من له‌بیرم چوون یا ئه‌و که‌سانه‌ی که نێویانم نه‌هێناوه، به‌سه‌ر بکه‌نه‌وه، تاوه‌کو ببێته هه‌وێنی بزاڤێکی سه‌ربه‌خۆ و ئازادی خوێندکارانی ئه‌وڕۆ، که وه‌ك وه‌ك ده‌بینین، خوێندکارانی ئه‌وڕۆش وه‌ك خوێندکارانی ئه‌و کاتی ئێمه گیرۆده‌ی ده‌ستی یه‌کێتییه سه‌پینراو و پاشکۆکانی پارته ڕامیارییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتن و به‌وهۆیه‌وه به‌سه‌ر چه‌ندین گروپی دژبه‌یه‌ك و ته‌نانه‌ت کراونه‌ته ئامرازی سیخوڕی به‌سه‌ر یه‌کتره‌وه و له‌وانه‌ش ڕۆلی یه‌کێتییه‌کانی سه‌ر به کۆمه‌ڵ و ڕێکخراوه ئیسلامییه‌کانی کوردستانی عیراق، یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیـۆکراتی کوردستان و لایه‌نه‌کانی تر له شه‌ڕی ناوخۆی 1994 – 1998 باشترین نموونه‌ی سیخوڕی و گرتن و ئاواره‌کردنی چه‌ندین خوێندکاری شه‌ره‌کانی کوردستانن… .
Be the first to comment.